دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وادەی چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دیاریکرا

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس ڕۆژی هەینی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە چوارەمین خولی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوە بچێت.

 
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وەک خولەکانی پێشوو سەرۆکایەتی شاندی ئێران دەکات و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی شاندی ئەمریکی دەکات.

 

هەروەها ماڵپەڕەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیویەتی: "رۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بۆ دەربڕیوە.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ترەمپ لەگەڵ وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل سەبارەت بە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و شەڕی غەززە قسەی کردووە.

 

پێشتر نوورنیوز، میدیایەکی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە پشتبەستن بە "سەرچاوەیەکی ئاگادار" بڵاویکردبووەوە کە وتووێژەکان ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچن. بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە وادەی وردی ئەم وتووێژانەیان ڕانەگەیاندووە.

 

بڕیاربوو ڕۆژی شەممە ٢٦ی ئایار، خولی چوارەمی دانوستانەکان لە ڕۆما بەڕێوەبچێت، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عومان، بە هۆکاری "لۆجستی و تەکنیکی" دواخرا و بۆ ڕۆژی یەکشەممە لە شاری مەسقەت گواسترایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP