هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر پێویستە.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن لە دیوانی پارێزگا، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە بەشدارىی بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، بەڕێوە چوو.
پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێرە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پرۆسەکە، کە بڕیارە لە 11/11ـى ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ، بەرگریی شارستانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکە دیاریی کران و ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە گیرانەبەر.
جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەیەکى ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و زۆر سەرکەتووانە بەڕێوە بچێت، بۆ ئەومەبەستەش ئامادەیی هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێری بۆ نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر نیشان دا.