هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیمارات بە نهێنی کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا دروستکردووە و سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن. بەوپێیەی لە ئێستادا بەرپرسانی حکومەتی نوێی سوریا، بەدوای دۆزینەوەی هاوکاری لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەن، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دۆخە دوژمنکارییەی کە لە سنووری باشووری وڵاتەکەوە دووچاری بوون.
ئەم پەیوەندییانە ناڕاستەوخۆن و تا ئێستا باسی لێوەنەکرابوو، ناوەڕۆکەکەشی لەبارەی دۆخی ئاسایش و زانیاری و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا هەردوولا پەیوەندی فەرمی لە نێوانیاندا نییە.
ئەم پەیوەنییانە چەند ڕۆژ دوای سەردانی ئەحمەد شەرع لە 13ی 4ی ئەمساڵ دەستیپێکرد. لە قۆناغی ئێستاشدا لەبارەی " پرسی تەکنیکی" گفتوگۆ دەکەن بەڵام سنووردار نابێت بەم پرسەوە گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکان لە ئێستادا سنووردارە بە پرسە ئەمنییەکان و تیشکی خستۆتە سەر چەند بابەتێکی دژە تیرۆر.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بابەتە سەربازییەکانەوە هەیە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە جموجۆڵەکانی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە لە سوریا، لە دەرەوەی سنووری گفتوگۆکانی ئێستان.
هەوڵەکانی نێوەندگیری پێش هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا لە هەفتەی ڕابردوودا بوو کە یەکێکیان تەنها 500 مەتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشقەوە دووربوو.
نێوەندگیری نافەرمی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی کەناڵەکانی دیکەوە ڕووی داوە.
بەرپرسانی نوێی سوریا هەوڵیان داوە کە نیشانی بدەن حکومەتی نوێ هیچ مەترسییەک بۆ ئیسرائیل دروست ناکات، لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی جولەکەکان لە دیمەشق کۆبوونەتەوە، هەروەها دوو ئەندامی باڵای جیهادی ئیسلامی فەلەستینیان دەستگیرکردووە، کە بەشدارییان لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا کرد کە بە سەرۆکایەتی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا.
لە نامەیەکدا کە مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی سوریا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناردووە، تێیدا هاتووە "ڕێگە نادەین سوریا ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک، لەنێویاندا ئیسرائیل".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە مانگی شوباتیشدا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لۆبی لە ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی سوریا بە لامەرکەزی و گۆشەگیرییەوە بمێنێتەوە، گومانیان بەرامبەر بە ئەحمەد شەرع هەیە و هەڵوێستیان بەو ڕێکارەوە لەسەر سوریای نوێ بونیادناوە. بەوپێیەی ئەحمەد شەرع پێشتر سەرکردایەتی لقێکی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گروپەدا پچڕاندووە.