دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 51 خولەک پێش ئێستا

لە ڕوانگەی «یاسای نێچیر»ەوە بۆ ئامادەباشیی 2030؛ چۆن ئەوروپا و ڕووسیا بەرەو لێواری پێکدادان هەنگاو دەنێن؟

هەرێم نیوز

لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پەنای بۆ سروشت و جیهانی گیانداران برد تا پاساو بۆ جەنگ لە ئۆکرانیا و ڕوانگەی مۆسکۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بهێنێتەوە؛ بەوەی وەک چۆن لە جەمسەری باکووردا نەهەنگی بکوژ پەلاماری ورچە سپییەکان دەدات، جیهانیش بە هەمان یاسای دارستان بەڕێوەدەچێت.

لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان هێزەکانی ڕووسیا لەسەر زەمین تووشی زیان و چەقبەستوویی مەیدانی بوونەتەوە، گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" هۆشداری دەدات لەوەی پوتین کە لەژێر گەمارۆ و گوشاردایە، لەبری دانوستان پلانی پەرەپێدانی جەنگ دادەڕێژێت.

ئەمەش نیگەرانیی گەورەی لای پایتەختە ئەوروپییەکان دروستکردووە کە ئاگری پەرەسەندنەکان لە ڕێگەی هێرشی تێکەڵاو (Hybrid) و تێکدانی ژێرخانە سەرەکییەکانەوە بگاتە پشتیوانانی کیێڤ.  

لە بەرامبەر ئەم لێکدانەوەیەدا، د. عەمرو حەمزاوی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە پەرەسەندنی ڕووسی-ئەوروپی لە دوو چوارچێوەی سەرەکیدا دەسووڕێتەوە: یەکەمیان جەنگی زارەکی و دەروونیی نێوان هەردوولایە، و دووەمیان بەردەوامیی دابینکردنی چەک و پارەی ئەوروپییە بۆ ئۆکرانیا (تەنانەت ئەو چەکانەی لە ئەمریکاشەوە دێن بە پارەی ئەوروپا دابین دەکرێن).

ناوبراو ڕوونیدەکاتەوە ئەم جۆرە پەرەسەندنە مانای هەڵگیرسانی ڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر زەوی ناگەیەنێت، بەتایبەت کە کۆمەڵگەکانی ئەوروپا لە ناوخۆدا دابەشبوون و باڵی ڕاستڕەوی نوێ و توندڕەو خوازیاری دژایەتیکردنی ڕووسیا نین.  

سەرەڕای ئەوەش، مەترسییەکان یەکێتیی ئەوروپایان ناچار کردووە کار بۆ بەرزکردنەوەی تەواوی ئامادەباشیی بەرگریی خۆی تا ساڵی ٢٠٣٠ بکات، لە کاتێکدا ناتۆ ڕووسیای وەک «هەڕەشەیەکی درێژخایەن» ناساندووە و فەرەنساش پلانی پاراستنی پیشەسازی و کەرتی بەرگریی داڕشتووە.

لە کۆتاییدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا ئەوەی ئەوروپا وەک خۆئامادەکردن بۆ بەرگری دەستیپێکردووە دەبێتە هۆی بەربەستدانان لە بەردەم مۆسکۆ، یان ڕووسیا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری دەکات و مەترسیی تەقینەوەی گەورەتری لێدەکەوێتەوە؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP