هەرێم نیوز
بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند، وەزارەتى دارایى عێراق بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە دەستى بۆ پارەى یەدەگى بانکە ناوەندییەکان و پارەى دانراوى هاووڵاتیان لە بانکەکان نەبردووە.
بەگوێرەى نووسراوێک کەبانکى ناوەندیى عێراق بڵاویکردووەتەوە کە واژۆى دکتۆر عەماد محەمەد خەڵەف جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراقى لەسەرە و لە بەروارى ٢٤ى نیسانى ئەمساڵ دەرچووە، تێێدا جەخت دەکاتەوە کە یەدەگى دراوى بانکەکە نزیکەى نۆ ترلیۆن دینارە و دەست بۆ یەک دینارى نەبراوە.
بەپێى نووسراوەکەى بانکى ناوەندیى، یەدەگى دراوى بانکى رافیدەین زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 540 ملیار دینارە، کە چوار ترلیۆن و 277 ملیار دینارى یەدەگى بەکارنەهاتووى بانکەکەیە، چوار ترلیۆن و 263 ملیار دیناریشى یەدەگى دراوى پێویستییە بەگوێرەى داواکاریى بانکى ناوەندى کە پێویستە لە هەژمارەکەیاندا هەبێت.