دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

چارەنووسی هەشت هەزار عێراقیی کە لەچاوەڕوانى پەتى سێدارەدان

هەرێم نیوز

هەرچەندە تا ئێستاش مشتومڕ هەیە لە نێوان یار و نەیارى لەسێدارەدان لەسەر ئاستى هەموو جیهان و لەڕووی پراکتیکیشەوە لە هەندێک وڵات بەردەوامە و خەڵک لە سێدارە دەدرێت و لە هەندێک وڵاتى دیکە گۆڕراوە بۆ سزاى دی، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە تاوانبارکردن و لەسێدارەدانى ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ئەشکەنجە و ئازاری جەستەییەوە تاوانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و بە هۆیەوە لەسێدارە دەدرێن.

دۆخى زیندانەکانى عێراق بەجۆرێک ناهەموارە کە رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و تەنانەت نەتەوەیکگرتووەکانیشى هێناوەتە دەنگ، پێگەى فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت لە کۆتاییەکانى ساڵی رابوردوودا بڵاویکردوەتەوە هەشت هەزار عێراقیی لەنێو زیندانەکانى عێراقدا لەچاوەڕوانی پەتى سێدارەداندان، بەشێک لەوانەش بەزۆر دانیان پێدانراوە و لە راستیدا تاوانی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوە، سەبارەت بە بەردەوامی لە سێدارەدان نوسیویەتى لەساڵی 2016 وە تا ناوەڕاستى ساڵی 2024 چوارسەد کەس بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە و لەسێدارە دراون و بەشى زۆرینەیان بە تاوانى تیرۆر بریارەکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، بەگوێرەى راپۆرتەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکیشیان بەنادادپەروەرانە لەسێدارەدەدرێن و ئەوەش تاوانى دژە مرۆڤایەتیی ئەژمار دەکرێت سەروەریی یاساو فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و رێگریش دەبێـت لە جۆرێک هاوکاریی کە دەبێت ئەو وڵاتە پەیڕەویی لە مافەکانى مرۆڤ بکات.

رەعد دەهلەکی ئەندامی پەرلەمانى عێراق "لەسەر لیستى تەقەدومی سونییەنی عێراق کە لە لایەن محەمەد حەلبوسى سەرۆکی لەکار دوورخراوەی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتى دەکرێت" رایگەیاندووە بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى ئەوان ژمارەیەک لەو کەسانەى بریاری لەسێدارەدانیان هەیە لەژێرفشار و ئەشکەنجەدا تاوانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و بەشێکى دیکەشیان لەسەر بنەماى هەواڵدەری نهێنى تاوانەکانیان بەسەردا ساغکراوەتەوە، ئەگینا نەخۆیان دان بە تاوانەکەدا دەنێت و نە هیچ شایەت و پشتڕاستکەرەوەیەکیش هەیە، گوتیشى عەبدولەتیف رەشید سەرۆککۆماریە عێراقیش لەژێر فشار و داخوازیی سیاسی و تائیفیدا واژۆی لەسێدارەدانى بەشێک لە سزادراون دەکات.

رەحیم عگیلى دادوەری خانەنشینى عێراق و ئاگادار لە دۆخی عێراق و سیستمى دادوەریی بە رۆژنامەى "العربی الجدید"ى گوتووە بەشێک لەو کەسانە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا تاوانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان بەتایبەتى ئەوانەیان کەتاوانى تیرۆیان خراوەتە پاڵ و بەشکیشیان کێشەى جەستەیی و تەنانەت ژیریشیان بۆ دروستدەبێت، لە کۆتایی راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا هاتووە دۆخی سزادراوانى عێراقى جێگەى نیگەرانییە، ئەوە لە کاتێکدا بەرپرسانى عێراق بەردەوام مژدەى کردنەوەى زیندانى نوێ بە هاووڵاتییان دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP