هەرێم نیوز
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیامنێرانی بێسنوور، لە 180وڵاتی جیهاندا سێ لەسەر چواری میدیا و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.
ئەمرڕۆ شەممە، رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور راپۆرتی ساڵانەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادی رۆژنامەوانی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا نەرویج وەکو باشترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەوانی دەستنیشان کراوە و ئێران، چین، سووریا، کۆریای باکوور، ئەریترێ و ئەفغانستان لە کۆتایی ریزبەندەکەدان.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەریترێ لە پلەی 180، کۆریای باکوور 179، چین 178، سووریا 177، ئێران 176 و ئەفغانستانیش لە پلەی 175ـی ریزبەندییەکەن و بە خراپترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا هەژمار کراون و عێراق پلەی 155ـەمی ریزبەندەکەی وەرگرتووە.
ساڵی 2024 عێراق لە ریزبەندیی 180 وڵات لەڕووی ئازادی میدیایی پلەی 169ـی پێ درابوو، بەڵام ئەمساڵ چەند هەنگاوێک بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لە پلەی 155ـەمین وڵاتانی جیهانە بۆ ئازادی رۆژنامەوانی.
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا باس لەوە کراوە؛ راستە هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانان بە دیارترین پێشێلکاری بۆ مافەکانیان هەژمار دەکرێت، بەڵام لە ماوەی ساڵی رابردوودا بڕینی بودجە و کەمکردنەوەی توانا داراییەکانی میدیا یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە بووە بۆ پاشەکشێکردنی کاری میدیایی لە جیهاندا.
هاوکات رۆژنامەنووسانی بێ سنوور رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەکو خراپترین ناوچە لە جیهاندا بۆ کاری رۆژنامەوانی و میدیا وەسفکردووە و غەزەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بە مەترسیدارترین ناوچە بۆ کاری رۆژامەوانی ناو بردووە و دەشڵێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا وڵاتێک کە جیاوازترە بۆ کاری میدیایی قەتەرە کە لە پلەی 79ـی ریزبەندییەکەدایە.
لەو ریزبەندییەدا نەرویج پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و ئەمەریکا لە چاو ساڵی رابردوو دوو هەنگاو پاشەکشێی کردووە و پلەی 57ـەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، هاوکات تورکیاش چەند هەنگاوێک پاشەکشەی لەڕووی ئازادی رۆژنامەوانی هەبووە و لە پلەی 159ـی ریزبەندەکەدایە.