هەرێم نیوز
دوای تۆمارکردنی یەكەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە کۆیە، تەندروستی شارەکە بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە کاتێکی نادیار تاکە کوشتارگەی شارەکەی داخست
بەرپرسی کوشتارگەی کۆیە، دکتۆر خێوڵا خدر رایگەیاندوە، لە پێناو پاراستنی هاوڵاتییانی شارەکە و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربون، تەندروستی شارەکە بڕیاریداوە بە داخستنی کوشتارگەکە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، داخستی کوشتارگەکە لەدوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربونە لە کۆیە و مەبەست لێی پاراستنی هاوڵاتییانە لە نەخۆشییەکە.
وتیشی؛ نازانرێت تا کەی کوشتارگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام بڕیارەکە تەندروستی شارەکە داویەتی و ئەوانیش وەک کوشتارگەکە پابەندن بە بڕیارەکەوە.
کوشتارگەی کۆیە، تاکە کوشتارگەی شارەکەیە و رۆژانە زیاتر لە 50 ئاژەڵی لێ سەردەبردرێت.
ئەمە لەکاتێكدایە، ئەمڕۆ هەینی، د.سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند: دوای بەدواداچون و پشکنین بۆ نەخۆشێکی گومانلێکراو لەماوەی دو رۆژی رابردودا، دوای دڵنیابونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
ئەوەشی خستبوەڕو؛ کە توشبوەكە هاوڵاتیەکی شاری کۆیەیە و تەمەنی (42) ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشە، كە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە و لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.