هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد: هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .
هاوکات، مەسرور بارزانی سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم کوردستان لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و هەروەها دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .
چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمەکە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەپرسێکی دیکە پێشوازیی لێ کرا.