هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، لەبارەی کرژییەکانی ئەمشەوی یاریگای نەورۆز وەزیری ناوخۆ بەیانی سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمشەو ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥، لە یارییەکی گەڕی ٢٩ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەداخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سووکی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر.
ئاشکراشیکرد، بارودۆخی نەخوازراو کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.
ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.
ڕوونیشیکردەوە، داوا لە هاندەرانی هەردوو یانە و هاووڵاتیان دەکەین کە بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.