دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئیسرائیل هیوم: تاران دەیەوێت ڕووسیا و چین سەرپەرشتیی ڕیاکتۆرەکان بکەن، بەڵام ئەمریکا دژایەتی دەکات

هەرێم نیوز 

بەرپرسێکی نێودەوڵەتیی ئاگادار لە دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە "دانوستانە تەکنیکییەکانی" داهاتوو بە ڕۆژنامەی هیومی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، پێدەچێت تاران داوای لە  ڕووسیا و چین بکات بۆ چاودێریکردنی ڕیاکتۆرەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام ئەمریکا دژایەتی ئەو پێشنیازە دەکات.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا داوای لابردنی ئەو سانتریفیوژە پێشکەوتووانە بکات کە لە ئێران بۆ پیتاندنی خێرا بەکاردەهێنرێن.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، یەکێک لەو پێشنیارانەی کە پێدەچێت بخرێتەڕوو، ئامادەبوونی بەردەوامی چاودێرانی  نێودەوڵەتیی لە بنکە ئەتۆمییە چالاکەکانی ئێران، دامەزراوەی پیتاندنەکان و ئە ڕیاکتۆرانەیە کە بۆ مەبەستی سەربازی نییە. 

ڕووسیا و چین پێشنیاری دروستکردنی ڕیاکتۆرێکیان بۆ ئێران کردووە و کۆماری ئیسلامیش پێشنیاری کردووە کە شارەزایانی ئەو دوو وڵاتە سەرپەرشتی بکەن.

ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنە، ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا داوای ئامادەبوونی چاودێرانی زیاتر بکات، لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ئەو سەنتەرفیوژە پێشکەوتوانەیە کە توانای پیتاندنی خێرایان هەیە تا ئاستێکی بەرز.

کۆماری ئیسلامی دەڵێت ئەو ئامێرانە تەنیا بەبێ ئەوەی کاریان پێ بکرێت کۆگا کراون و بوونی شوێنی پیتاندنی نهێنی ڕەتدەکاتەوە.

بەڵام به وته ی ئیسرائیل هیوم، پێدەچێت ئه مریکا داوای دوورخستنەوەیان له خاکی ئێران بکات و پشکنینی ئەو شوێنانه بکات که گومانی چالاکی شاراوەیان لێدەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ دامەزراوەیەکی نهێنی نەماون. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP