هەرێم نیوز
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە و سەربازگەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەست پێ کردەوە.
حوسییەکانی یەمەن کوژرانی 12 کەس و برینداربوونی 34 کەسیان پشتڕاست کردەوە، کە بە گوتەی خۆیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن ئەمە ڕووی داوە.
بەپێی میدیاكانی حووسییەكان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن لە ڕۆژی یەكشەممەدا، 12 حووسی كوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەكان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەمریکا دوو هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەکانی حووسییەکانیان لە شارەدێی مەجزری مەئریب.
فڕۆکەکانی ئەمریکا لە سەرلەبەیانییەوە 25 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە فازەی حودیدە کردووە.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چوار هێرشی ئاسمانییان کردە سەر جبەخانەیەکی حووسییەکان لە ناوچەی گویرق لە ڕۆژئاوای تەحیتا.
میدیایی حووسیەکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، لە شەوی ڕابردووەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لانی کەم 40 جار پێگە و بارەگای حووسیەکانیان لە پارێزگای مەئرەب، سەنعا و حودەیدە بۆمبران کردووە.
بەپێی (فرانس پرێس) ناتەنیاهۆ لە یافا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند: "دەمەوێ شتێك بە حووسییەكان بڵێم، یان هەر لایەك كە دەیەوێ ئازارمان بدات، هەر هێرشێك لە دژمان بێ وەڵام نامێنێتەوە و وەڵامێكی توندمان دەبێ."
لە دوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023ـەوە هێرشەكانی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور و كەشتییەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە زیادی كردووە و لە كاردانەوەی ئەوەشدا ئەمریكا ماوەیەكە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر حووسییەكان چڕ كردووەتەوە.