دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 1 هەفتە

قسەیەکی درەنگوەخت لەسەر درامای (باڵەخانە)

حەمەسوار عەزیز

درامای باڵەخانە جیاواز لە زنجیرە دراماکانی تری ڕەمەزانی ئەمساڵ، کەمتر کەوتە بەر تانەو تەشەری ڕەخنەو بینەرو بەشێوەیەکی بەرچاو جۆرێک لە قەناعەتی لای بینەرو بەشێک لە ڕەخنەگران و فیڵمسازان دروستکرد، ئەگەرچی ژمارەی دیاریکراوی زنجیرە دراماکە فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری چیڕۆکە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئەم درامایە بە کراوەیی بمێننەوەو بینەر چاوەڕێ بکات لە سیزنەکانی داھاتوو، ئەم چیڕۆکانە ڕووبەری زیاتر داگیر بکەن و بەر گەشەی درامی زیاتر بکەون و بە ئاکام بگەن، بەڵام مامەڵەکردنی سینارێست لەگەل ئەم سیزنە، توانی فۆرمی گشتیی وبونیادی درامی کارەکە تا ڕادەیەکی باش بە بینەر ئاشنا بکات و توانای ھەبێت لە داھاتوودا پەرە بە ستراکچەر و پلوتی دراماکە بدات.

وەک سیناریۆ، ئەو درامایە تەواو جیاواز بوو، لەو سیناریۆ سەرەتاییەی کە (دڵشاد حوسێن) بۆ من و کۆمەڵێک ھاوڕێی ڕەوانەکرد، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کەسیناریۆیەکەی دڵشاد لە درافتی کۆتاییدا، کە دراماکەی تیا دروست کراوە، تەواو جیاوازە لەگەل درافتی یەکەم و پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە دیووەو کۆمەڵێک گۆِرانکاری ئەرێنی لە بونیاد و فۆرم و تەکنیکی سیناریۆکە بەدیھاتووە و توانیویەتی مامەڵەیەکی داھێنەرانە لەگەل ئەو ھەموو بۆچوون و سەرنجانە بکات کە وەک فیدباک بۆی گەڕاوەتەوە، ئەمەش دانایی و ئاگایی نوسەر بەدەردەخات، کاتێ بەر لە دروستکردنی دراما مامەڵەی دروست لەگەل کاردانەوەی یەکەمی بینەر دەکات، ئەوانیش ئەو کەسانەن کە سیناریۆ دەخوێننەوەو بەچاوی بینەرو وەرگر مامەڵەی لەگەل دەکەن، چونکە لە کۆتاییدا کرداری نوسینی سیناریۆ پێویستی بە گروپ ھەیەو کاری تاک نییە.

نوسەر لە ستراکچەری ئەم درامایە کاری لەسەر کۆمەڵێک تەکنیکی زۆر گرنگ کردووە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە درامای کوردی ئامادەییان نییە، گرنگترینیان تێکشکاندنی ئاسۆی پێشبینی بینەر، بە تایبەت لە کاتی کارکردنی لە ھێڵە لاوەکییەکانی دراماکە زۆر بەڕوونی ھەوڵدەدات وەگ ڕۆمانە پۆلیسییەکانی ئەجاسا کریستی، بینەر بەرەو خەیاَلکردنی جیاواز ببات و دواییش تووشی شۆک و ڕاچڵەکینی بکات، بۆ نمونە کۆمەڵێک چیڕۆکی لاوەکی لە سەرەتاوە بینەر سەرقاڵ دەکەن و بینەر بەشێوەی تر لێیان تێدەگات و سەرقاڵیان دەبێت، وەک بایەخدانی (مامۆستا سەلام_مەلا نەجم) بە (سەما_کاڵێ ئازاد) کە لە سەرەتای دراماکە دەردەکەوێت و بینەر وادەزانێت کە مامۆستا دەیەوێت پەیوەندی تایبەتی خۆشەویستی لەگەل سەما دروست بکات، یاخود پەیوەندی (سەریاس_بابان عومەر) بە کچێکەوە کە ھەموومان وادەزانین کچەکەی ئەرسەلانە، یاخود پەیوەندی نێوان (ئارێز_شەماڵی عەبەڕەش) لەگەل (خوماری ڕۆژنامەنووس_ساوان خالید)، لەوەش گرنگتر پەیوەندی نێوان (شەیدا_ئەلزا ئارام) و (شەریف_ھونەر حەسەن) کە ڕەنگە ئاشکرابوونی بکەوێتە سیزنەکانی داھاتووی دراماکەوە، ھەموو ئەم چیڕۆکانە زۆر گرنگن بۆ چیڕۆکە سەرەکییەکە و کاریگەری دروستدەکەن بەسەر بونیادو پلۆتی دراماکەو زیاتر بینەر بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن و چێژ و شۆکی زیاتر بە بینەر دەبەخشن، لە ھەندێ حاڵەتیش نوسەر لە بونیادنانی ئەو حاڵەتە سەرکەوتوو نەبووە، وەک چیڕۆکی بەکاربردنی تەلیفۆنەکەی (مامۆستا_سەربەست ئەحمەد) کە دوای دابەزینی ئارێز دەکرێت، دەرھێنەر تیاییدا سەرکەوتوو نەبووەو چارەسەرەکەشی سەرنجڕاکێش نییە بۆ بینەر.

جگە لەمە دڵشاد حوسێن کاری لەسەر تەکنێکێک کردووە کە پێی دەووترێت (پڕکردنەوەی بۆشایی)، ئەو تەکنیکەی کە فەیلەسوفی ئەلمانی (ڤۆڵڤانگ ئیزەر) لە تیۆری وەرگرتن باسی لێوە دەکات و کە پێیوایە تێکست کۆمەڵێک بۆشایی و کەلێنی تێدایە کە مافی بینەرە پڕیان بکاتەوە، ھەرچەندە بەکارھێنانەکەی دڵشاد حوسێن لەڕووی ھزرییەوە ئەو ئامانجەی نەپێکاوە کە بینەر بتوانێت بەشدار بێت لە نووسینەوەی چیڕۆکەکەو شیکردنەوەو لێکدانەوەی ئاماژەو ماناکانی، بەڵام وەکو تەکنیکی چڕکردنەوەو تەواوکردنی ئەو بۆشاییانەی کە نووسەر بە مەبەست بۆ بینەری جێھێشتووە، وایکردووە دراماکە خۆی لە زۆر وردەکاری و دووبارەبوونەوە بپارێزێت و ڕیتمی دراماکە نەکەوێت و وەڕسبوون دروست نەکات، بۆیە بەجێھێشتنی ھەندێ وردەکاری بۆ بینەر بۆ ئەوەی خۆی خەیاڵی ئەو ڕووداوانە بکات کە دراماکە نیشانی نەداون، شێوازێکی گرنگی کاراکردنی پڕۆسەی بینین و وەرگرتنەو بە قازانجی دراماکە شکاوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی نوسەر زۆر بەباشی کاری لەسەر چەمکی (بێدەنگی) کردووەو زۆرێک لە ڕووداوەکانی بەو چەمکە کاریگەرە سپاردووە تا وێنە زیاتر ئامادەیی ھەبێت و بینەر وەکو درامایەکی ڕادیۆیی بۆ ھەموو شتێک پشت بە دیالۆگ نەبەستێت و دەرفەت بە وێنە بدات قسە بکات و فاکتەری سەرەکی گێڕانەوەو دروستکردنی حیکایەت بێت، ئەمەش خزمەتی باشی بە دراماکە کردووە، چونکە لە کۆتاییدا دراما دەبێ لەنێو کردەی سەردی بینراودا، بەڕێوەبچێت و دیالۆگ تەنھا بۆشاییەکانی ئەو سەردە پڕبکاتەوە.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە لەسەر دراماکە ئەوەیە، تۆزێک ھەناسە کورتە لەگەل ڕووداوەکان و بەشێوەیەکی گشتی توانای قوڵکردنەوەی ڕووداوەکان و کردنەوەی دەروازەی تازەی بەسەریاندا، تاڕادەیەک لاوازەو زوو بە ئەنجام دەگەن، بۆ نمونە پلۆتی گشتی کارەکە لەسەر پرسی شوقەکان و کڕینەوەو قەرەبووکردنەوەی شوقەکان لە لایەن کۆمپانیای ئەڕسەلانەوە داڕێژراوە، ئەم ستراکچەرە زۆر زوو لە بەرژەوەندی ئەڕسەڵان تەواو دەبێت و توانای قوڵبوونەوەو ھەڵکشانی ململانێکەی نییە، لە یەکەم دیمەنی دادگایی، بێ ئەوەی ھیچ لە پارێزەرەکان شتێکی گرنگ پێشکەش بکەن، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەڕسەلان دەدرێت، نوسەر دەیتوانی لەنێو ئەو دادگایە زۆر کاری گەورە بکات و نەھێنی تر لە کەیسەکەو ڕەوشەکە ئاشکرا بکات، یاری لەسەر کارامەیی یاسایی ئارێزی محامی و فێڵ و ساختەو کارە نایاساییەکانی (ھەڵوێست_ئالان ھادی) بکات، ڕووبەڕووبەوەی ئەو دوو کارەکتەرە دەیتوانی لیڤلی ململانێی دراماکە باشتر بەرز بکاتەوەو دەروازی تر بەسەر پلۆتی بنەڕەتی چیڕۆکەکە بکاتەوە، تەنانەت پرسی ڕفاندنی خوماریش نەیتوانی سێبەرێکی درامی بەسەر ڕووداوەکانەوە دروست بکات و بونیادی ململانێکە قوڵتر بکاتەوە وەک ئەوەی چاوەڕێ دەکرا، بە پێچەوانەوە نوسەر زۆر بەزوویی کۆتایی بەو ڕووداوە ھێنا و دەرفەتی نەدا کاریگەری درامی پێویست دروست بکات و بینەر بەرەو ڕووبەری شاراوەی زیاتر ببات و لیڤڵی ململانێی ئارێز و ئەرسەلان باڵاتر بکات.

لەڕووی کارەکتەرسازییەوە، نوسەر شارەزاییەکی باشی ھەیە لە وێناکردنی کارەکتەرو نیشاندانی ڕەھەندە جیاوازەکانی و ئەو نەھێنییانەی کە وادەکات ھەر کارەکتەرێک بۆ بینەر، چیڕۆکێکی جیاوازی ھەبێت، لەم درامایەش دڵشاد بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەل زۆرینەی زۆری کارەکتەرەکان کردووە، ھەر لە کارەکتەری (ڕووخۆش_نەسرین حەسەن، خومار، شەیدا، مامۆستا، شەریف، ھەڵوێست، چایچی_مستەفا بەکر، سەریاس، کانی، ترێ)، ھەموو ئەم کارەکتەرانە ڕووی دووەمیان ھەیە کە دەتوانن بۆ بینەر سەرنجڕاکێش بن و لە زاکیرەی بینەر بمێننەوە، تەنانەت کارەکتەری (میران_بێساران جاسم) لەڕێگەی نامەکانی مۆبایلەکەیەوە دەبێتە جێی سەرنجی بینەر وەک کارەکتەرێکی پڕنەھێنی دەمێنێتەوەو بینەریش تا ئێستا بۆی ڕوو نەبۆتەوەو ئەو نامانە سەرچاوەکەیان چییەو ھیوادارم سینارێست لە سیزنی داھاتوو ئەمانەی بیرنەچێتەوە.

بە بڕوای من کێشەیەکی گەورە لەم درامایە ئەڵقەی کۆتایی ئەو سیزنە بوو، سینارێست لەو ئەڵقەیە کێشەیەکی گەورەی بۆ سیزنی داھاتووی دراماکە دروستکرد، کاتێک بڕیارییدا کۆنوسی ئەنجومەنی شارەوانی بخوێنێتەوەو تیاییدا ئاشکرای بکات کە ھەموو ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێشنەکراون دەکەونە نێو بازنەی ئەو بڕیارانەی کە ئەنجومەنەکە داویەتی، دەبوو سیناریست پەلە لەم چارەسەرە نەکات و کۆنوسی کۆبوونەوەکە بۆ بینەر ئاشکرا نەکات، لە کاتێکدا تۆ ئەکشنێکی تری گرنگت لەو ئەڵقەیە ھەیە، کاتێ شەریف لە ڕێگەی میمۆرییەکەوە فایلەکانی لاپتۆپەکەی ئەڕسەلان کۆپی دەکات و لە ڕێگەی چایچییەکەوە بە ئارێز دەگات، ئەم ئەکشنە بە ھۆی بڕیارە ئاشکراکراوەکەی ئەنجومەی شارەوانی، بەھای درامی خۆی لە دەستدا، ئەو کاریگەرییە گەورەیییەی نابێت لە سیزنی داھاتوودا، تەنانەت دەبێت بپرسین دەبێ چ جۆرە فایلی نەھێنی و گرنگ لەنێو لاپتۆپەکەی ئەرسەلان ھەبێت، لە کاتێکدا بەدرێژایی دراماکە کارەکانی ئەرسەلان یاسایین و ھیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەرسەلان لە کاری نایاسایی تێوەگڵابێت و کۆمپانیاکە خەریکی کاری یاساغ بێت، بۆیە سینارێست دەبوو ھەندێ نەھێنی لە کارەکتەری ئەرسەلان دروست بکات و بە پەنھانی بیانھیلێتەوە، تا دزینی فایلەکانی سەر لاپتۆپەکەی کاریگەری درامی دروست بکات، ئەوە ئەگەر ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی سینارێست نەکەینەوە کە بۆچی ئەم لاپتۆپە کە فایلی گرنگی تێدایە، پاسۆوردی لەسەر نییە؟

لەڕووی دەرھێنان و فۆرمی گێڕانەوەشدا، دەرھینەرو ستافی تەکنیکی و ھونەری ئەو کارە ھەوڵیانداوە، شێوازێکی جیاوازی گۆشەو گرتە و لۆکەیشن و ڕوناکی و جولەی کامیرا و قەبارەی گرتەکان تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی فۆرمێکی جیاوازی گێڕانەوە پیادە بکەن و تەکنیک بەشداربێت لە وێناکردنی ڕەھەندە درامی و سایکۆلۆژییەکان و لیڤڵی پەڕۆشی و چێژ لە دراماکە بەرز بکەنەوەو مامەڵە بە فۆرمی نەرێتی و دووبارە نەکەن، لەمەشدا تاڕادەیەک لە ھەندێ دیمەن سەرکەوتوو بوون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زیادەڕۆیی و قوڵکردنەوەی ئەو فۆرمە جیاوازەی نیشاندان، جۆرێک لە دووبارەبوونەوەو ناتەبایی دروست دەکات، کاتێک ئەمە دەبێتە بونیادی سەرەکی دروستکردنی کارەکە، لە کاتێکدا سیناریۆی کارەکە بەشێوەیەکی گشتی، ئەو ڕیتم و تەکنیکە ھەرس ناکات و جۆرێک لە بەرکەوتنی نادروست دروست دەبێت، ئەم شێوازە ھونەرییە کارکردنە کە ڕەنگە زیاتر گونجاو بێت بۆ درامایەکی تاوان و پۆلیسی و ترس، کە تیاییدا ململانێی سەرەکی لەنێوان بینەرو نەھێنییەکانی نێو دراماکە بێت و ئەم جۆرە کارکردنە لیڤڵی بەرکەوتنی بینەر بەرز دەکاتەوە، ئەگەر سیناریۆی کارەکە بتوانێت وەڵامی ئەم تەکنیکە بداتەوە، بەڵام لەم کارەدا لە زۆرێک لە دیمەنەکان ھەستدەکەیت تەکنیک و جولەی کامیرا و گۆشەو ڕوناکی، بۆتە بار بەسەر دیمەنەکەوەو ئەو شوێنە پێویستی بەو شێوازە کارکردنە نییە، بەڵام لە بەشێک لەو دیمەنانە، ئەم شێوازە کارکردنە قوڵایی ھەستی و دیدەیی زیاتری بە دراماکە بەخشیووە و کاریگەری ھەبوو لە دروستکردنی وێنەی جیاوازی درامی کە توانای دەربڕین و گوزارشتی باڵاتری ھەیەو دەتوانێت پێگە بە دیالۆگ و ئامادەیی ئەکتەر لێژ بکات و ببێتە فاکتەرێکی تایبەتی دەربڕین و دروستکردنی ڕووداو.

بەکاربردنی ئەو چەند ژەنیارەش لەنێو دراماکە، ئەگەرچی جۆرێک لە ئارامی و جوانی بە دراماکە بەخشیووەو کەش و ڕەوشێکی زۆر کوردی و سلێمانیانەی بە دراماکە داوە لە ڕێگەی ژەنینی ئەو ھەموو ئاوازە کوردییە جوانە کە بەشێکی وەک شوناسی سلێمانی مامەڵەی لەگەل دەکرێت، بەڵام لە درامادا یاسایەک ھەیە کە ھەرگیز ناتوانین پێشێلی بکەین ئەویش ئەوەیە کە ھەموو ئەوانەی دەکەونە بەردیدەی بینەر کارەکتەرن، دەبێ بوونی کارەکتەریش لۆژیکی بێت و پێناسەو شوناسی ھەبێت و بوونیشی لەو زەمەن و شوێنە، پاساوی ھەبێت و وەزیفەی ھەبێت، بێگومان قسەکە لەسەر وەزیفەی درامی و ڕەھەندی درامییە، دراما شانۆ نییە تا فۆرمی کارکردنی ڕێگە بدات کە چەند ژەنیارێک بخەیتە سەر تەختە بێ ئەوەی پاساوی درامی و بەشدارییان لە گرێچنی دراماکەدا ھەبێت، لە درامای تیڤییدا، بەھۆی گریمانەی واقیعیبوونی دراماکە، دەبێ ھەموو کارەکتەرێک کە بەر دیدەی بینەر دەکەوێت، پاساوی دەرکەوتنی ھەبێت و ئامادەیی درامی ھەبێ، ئەمە ئەو دەیان و سەدان کۆمبارس و کارەکتەرانەش دەگرێتەوە کە دەچنە پەراوێزی دیمەنەکانەوە، بەڵام وەزیفیەیان لەنێو لۆکەیشنی درامی ھەیە، وەک لۆکەیشنی بازاڕو نێو کافتریا و شوێنە گشتییەکان، بۆیە دەبو سینارێست چیڕۆکێک بۆ ئەو سێ ژەنیارە دروست بکات و پاساو بۆ بوونیان ھەبێت لەنێو کارەکەدا، جگە لەمە بەکاربردنی موزیک وەک باکگراوەندی وێنە، بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری کارای ھەبوو لە دروستکردن کەش و ئەتمۆسفێری نێو دیمەنەکان و بەشدارییکردن لە وێناکردنی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکان.

لەڕووی دیالۆگەوە ئەم درامایە مامەڵەیەکی تەباو تەریبی لەگەل بونیادی کارەکتەرو دیالۆگدا کردووەو دیالۆگ لە ھەر دیمەنێکدا کاریگەری گەورەی ھەیە لە شوناسی کارەکتەرو شێوازی بیرکردنەوەو ناساندنی ڕەھەندە جیاوازەکانی ھەر کارەکتەرێکی نێو دراماکە، تەنانەت نوسەر وەک پیشەی ھەمیشەیی زۆر زیرەکانە سوود لە کۆمەڵێک چێڕۆک و قسەی گشتی وەردەگرێت و لەنێو دراماکەییدا بەکاریان دەبات و دەبن بە بەشێک لە شوناسی کارەکتەرو ئاست و لیڤڵە جیاوازەکانی کارەکتەر نیشان دەدات، لەگەل ئەوەشدا لە ھەندێ کارەکتەر گیرۆدەی دەستی دیالۆگی دووبارەیە و زیانی لە بوونیادی کارەکتەر داوە، وەک کارەکتەری (خومار_ساوان خالیدو کارەکتەری مامۆستا-سەربەست ئەحمەد)، ئەمە جگە لەوەی لە ھەندێ دیمەندا دیالۆگ زۆر داھێنەرەو فەزای داھێنان بۆ ئەکتەر دروست دەکات، وەک دیمەنی ڕووبەڕووبوونەوەی (زولفا_خەرمان ھیرانی و میران_بێساران جاسم)، لە ھەندێ دیمەنی تریشدا زۆر چاوەڕوانکراوە، وەک دیمەنەکانی ئارێز لەگەل کابرای نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو، تەنانەت جەمبێکیش ھەیە لە دیمەنی کۆبوونەوەی (ئەرسەلان و ھەڵوێست و شەیدا) کاتێ شەیدا پێش وادەی خۆی ئەو دیالۆگە دەڵێت (ئیتر ئەوان بێھیوا دەبن)، چونکە ھێشتا ھەڵوێست ئەوەی نەدرکاندووە کە ھەموارکردنەوە یاساییەکان کار لە پڕۆژەکەی ئەوان ناکات، بۆیە دوای وتنی ئەو دیالۆگە لە لایەن ھەڵوێستەوە، ئەو دیالۆگە جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە لە لایەن شەیدا و کە دەبوو دیالۆگی یەکەمی لاببرێت چونکە لە شوێنی خۆی نییە.

لەڕووی نواندنەوە، ئەم درامایە یەکێک بوو لە جیاوازترین دراماکانی ساڵ، چونکە نواندن لەم درامایە بەر مەنزومەیەکی تەباو ڕێکخراو دەکەوێت کە تەباو گونجاوە لەگەل بونیادی کارەکتەرو ستراکچەری ڕووداوەکان و زەمەن و شوێن، جۆرێک لە نواندنی ئاسان و پڕ سادەیی، بەڵام قوڵ و کاریگەر، دەبێتە شوناسی پاڵەوانەکانی ئەم درامایەو سەمفۆنیایەکی پڕچێژ و پڕ داھێنان پێشکەش دەکەن، شەماڵی عەبەڕەش لە کارەکتەری (ئارێز) لەم درامایە بەشێوەیەکی زۆر ورد ئەدای کارەکتەری ئارێز دەکات و فۆرمی و کارەکتەری پارێزەرێکی تایبەت پێشکەش دەکات، ئەوەی جیاوازیشە لەو کارەی شەماڵ، لیڤڵی ھەڵچوونیەتی، شەماڵ لە ھەندێ کارە درامییەکانی پێشووتری، زیاتر ئەدایەکی ئینفیعاڵی و قەرەباڵغی پێشکەش دەکرد، لەم کارەدا ھەست بە ئارامییەکی زیاتر دەکرێت و وەک کارەکتەرێکی عەقڵانی مامەڵە لەگەل کەسایەتی ئارێز دەکات، ھەر چەندە من ھێشتا پێموایە دەکرا لە ھەندێ شوێن ئارامتر دەرکەوێت، وەک دیمەنی ڕووبەڕبوونەوەی لەگەل کابرای خاوەن نووسینگەی فرۆشتنی خانوو، ئەمەش پەیوەستە بە لاوازی دیالۆگ لەو دیمەنە.

نەسرین حەسەن لە نواندنی کارەکتەری (ڕووخۆش) زۆر جیاواز بوو، نەسرین بە متمانەیەکی زۆر تایبەتەوە کە تیاییدا دەیزانی چۆن کۆنتڕۆڵی ھەستەکانی بکات و چۆن ھەڵچوون و یادەوەرییەکانی بخاتە خزمەت کارەکتەرو ئەو ساتە درامییە جیاوازانەی کە تیاییدا دەردەکەوێت، نەسرین زۆر داھێنەرانە نیشانیداین کە (سجن) چ کاریگەریەکی بەسەر ئەو کارەکتەرەوە جێھیچشتووە، ئەدای نەسرین لەم درامایە ھاوتاو تەریب بوولەگەل ئەدای شەماڵ و لە ھیچ گرتەیەکدا ھەستە ناکەیت کە شەماڵ بە تەنیا سەرنجی بینەری برد بێت ئەگەر نەسرین لەو گرتەو دیمەنە ئامادەیی ھەبووبێت، ھەمیشە ئامادەیی نەسرین بەشێکی گرنگ و کاریگەر بووە لە دامەزراندنی ستراکچەری نواندن لەو دیمەنەو ڕڕگرتنی ڕیتم و سەرنجبردنی بینەر، ئەمەش پێویستی بە ئاگاییەکی گەورە ھەیە تا ئەو کارەکتەرە نەکەوێتە نێو قەرەباڵغی کاروکاردانەوەی ڕووکەش، بەتایبەت کە تازە لە بەندیخانە دەرچووەو ھەستدەکات مێردەکەی ھەم ھیچی بۆ بەردانی نەکردووەو ھەمیش ئێستا وەک پێویست بایەخی پێنادات و خەریکی پەیوەندی ترە پەیوەندی نێوانیان گرژی زۆری تێکەوتووە.

ئەوەی لەم درامایە زۆر سەرنجی بردم، ئەداکردنی کاڵێ ئازاد بوو لە کارەکتەری (سەما) و ئەدای بێساران جاسم بوو لە کارەکتەری (میران)، لەڕاستییدا ئەگەر وەکو تەمەن سەیری بکەیت، خەیاڵی ئەوە دەکەیت کە ھەردوو ئەکتەرەکە تەمەنیان لە تەمەنی گریمانەکراوی کارەکتەر زیاترە، چونکە قوناغی کۆلێژ تەمەنێکی بچوکتر دەخوازێت، بە تایبەت کە ھەردووکیان دوو خوێندکاری زیرەک بوون و ناتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ڕەنگە زۆر کەوتبن، بەڵام ئامادەیی ھەردوو ئەکتەرەکە لەو دوو کارەکتەرە، ئامادەییەکی تەکنیکی و ڕۆمانسی پڕ لە جوانی و سادەیی بوو، جۆرێک لە عەفەوییەت و نواندنی ئاسان زۆرینەی دیمەنەکانی ئەو دوو ئەکتەرەی پێکدەھێنا، بە تایبەتی خاتوو کاڵێ، بە متمانەو ئارامییەکی زۆر تایبەتەوە نواندنی دەکرد، بەشێوەیەک ئەدای ئەو کارەکتەرەی دەکرد، کە ھیچ گۆمانێک لە ژیانکردنی کاڵێ بۆ ئەو کارەکتەرە ناھێلێتەوەو کارەکتەری (سەما) تەواوی فەزاو لۆکەیشنەکان داگیر دەکات و بەشێنەیی و بە ئاسانییەکی سادەو قوڵ، ئەو کارەکتەری نیشان دەداین، بەجۆرێک کە لە ھیچ گرتەو دیمەنێکدا کاردانەوەیەکی زیاد نابینیت، ھەڵچوونێکی دروستکراو نابینیت، دەنگبەرزکردنەوەیەکی فەیک نابینی، ئەمانە ئاماژەی ڕوونن کە ئێمە لەبەردەم ئەکتەرێکی تایبەتداین و دەبێ دەرھێنەر سوپاس بکرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەکتەرە، لە ھەمانکاتدا ئەدای بێساران لەو فۆرمە نیمچەلادێی و سادەو بێ گرێیە، جوانییەکی تایبەتی بەو کارەکتەرە دابوو، لە ھەموو دیمەنەکان ھەست بە کارەکتەرێکی پڕ ژیان و جوانی و سادەیی دەکەیت، تەنانەت لە دیمەنی دڵشکانەکەشی لەنێو سەیارەکە، ئەوەندە بەجوانی و بەبێدەنگی وێنای ئەو ساتە دەکات، دەبێ سوپاسگوزاری سینارێست و دەرھێنەر بین کە دیالۆگی بۆ ئەو دیمەنە نەنوسیووەو دەرفەتی بە ئەکتەر داوە ئەو ھەموو جوانی و داھێنانە لە بێدەنگییدا بگەیەنێت.

ئەکتەرێکی تر کە لای من وەک ئەستێرەیەکی دیاری ئەو درامایە گەشایەوە، گۆران نامی بوو لە کارەکتەری (ئەرسەلان)، گۆران ئەگەرچی ئەکتەرێکی شانۆیی زۆر تایبەتە، بەڵام لەم درامایە مامەڵەکردنی گۆران لەگەل ئەو کارەکتەرە سەرسامی کردم، بەڕاستی گۆران بەشێوەیەک کارەکتەری ئەرسەلانی پێشکەشکرد کە ڕەنگە لە ڕادەی پێرفێکت و باڵا نزیکبووبێتەوە، مامەڵەکردنی گۆران لەگەل ساتە جیاوازەکانی ئەو کارەکتەرەو بەکاربردنی تەکنیکی بێدەنگی و بەقسەھێنانی سیماو جەستەو چاو، یەکێک بوو لە تایبەتمەندییە ھەرە جیاوازەکانی گۆران لە وێناکردنی کارەکتەری ئەرسەلان، ئەدای گۆران لەم درامایە وایکرد ھەموو بینەر بە ناڕاستەوخۆ کارەکتەری ئەرسەلانی خۆش بووێت، ئەمەش لوتکەی جیاوازی و جوانییە، کاتێ ئەکتەرێک دەتوانێت قێزەوەنی، بەو فۆرمە پرٍ جوانی و داھێنانە پێشکەش بکات، گۆران توانی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی ھەناسەدان و ھەوڵدان بۆ بە وێناکردن و ھەرسکردنی ھەر وشەو ڕستەیەک، ئامادەیی گەورە لەنێو دیمەنەکان دروست بکات و لە ھەر دیمەنێکدا دەرکەوێت ببێتە مایەی سەرنج و وەک کاریزمایەک و ئەکتەرێکی خاوەن ئەزموونی گەورە خۆی بنوێنێت.

یەکێکی تر لە جوانیەکانی ئەو درامایە بوونی (خەرمان ھیرانی) بوو لە کارەکتەری (زولفا)، من ئێستاش تێنەگەیشتم خەرمان ئەو ھەستە قوڵ و جوانە چۆن بەرجەستە دەکات، ئەوەی خەرمان وەک نمونەی دایکێک پێشکەشیکرد زۆر جیاواز بوو، ئەو ھەموو ئیحساسە پەنگخواردووە لەنێو ئەو کارەکتەرە چۆن بەو ئەدا جوان و پڕ ویقاڕە بەرجەستە دەبێت، ھیچ دایکێکم وەک خەرمان نەدیووە بەو شێوە واقیعی و پڕ ھەست و سۆزە، سەیری چاوەکانی کوڕەکەی بکات، ھەستێک پڕاوپڕ لە ئاماژەو مانا و بێ زیادەڕۆیی و زەخرەفە، ھەر کاتێ خەرمان بەر کارەکتەری میران دەکەوێت، ھیچ جۆرە گومانێک نامێنێت کە ئەوە دایکی ڕاستەقینەی میرانە، نەوەکو تەنھا دایکی ڕاستەقینە، بەڵکو دایکێکە تا ئێستا ڕەنگە زۆرێک لە دایکەکان نەیانتوانیووە بەو دیدگا پڕ لە ھەستە سەیری منداڵەکانیان بکەن، لە سۆز و موحیبەت پڕ لە جوانی، لە تووڕەبوون و ھەڵچوون پڕ لە داھێنان و بەرجەستەکردنی دایکێکی قوربانیدەر، خەرمان لە چەند دیمەنێکی کورتتدا، دەبێتە ئەستێرەیەکی باڵەخانەو پێگەی خۆی لە زاکیرەی بینەر دەھێلێتەوە.

ئالان ھادی لە کارەکتەری ھەڵوێستی محامی، وەک ھەمیشە ئالان ماف بە کارەکتەر دەدات و زۆر بەباشی لە بونیادەکانی کارەکتەر تێدەگات و ئارامیی و متمانەیەکی تایبەتی ھەیە لە نواندن و ھەڵپەنەکردن و فڕێنەدانی دیالۆگ و وەرگرتنی کاتی پێویست بۆ ئەوەی بینەر بەر ئێرەو ئێستای کاردانەوەکان بکەوێت و بە فرێشی بە بینەر بگات و پێشتر ئامادەکاری و مەشقی لەسەر نەکرابێت، ئەم ئەدایەی ئالان رێک دەبێتە ڕوویەکی جیاوازی پیشەی پارێزەری و دەتوانێت ئەو وێنەیە بەشێوەیەکی باڵا وێنا بکات کاتێ پارێزەرێک لە پشت یاساوە دەتوانێت کارە نایاساییەکانی خۆی بکات.
ھونەر حەسەن لە کارەکتەری شەریف، ئەو پاسەوانەی ھەرگیز قسە ناکات و تەنھا دەبیستێت، توانی ئەدایەکی تایبەت پێشکەش بکات و بێدەنگییەکەی پڕ بکات لە قسەو کردارو ئاماژە، ئەوەی خزمەتی ئەو کارەکتەرەی نەکرد، پەلەکردنی سینارێست و دەرھێنەر بوو بۆ ئاشکراکردنی ڕووی دووەمی ئەو کارەکتەرە، دەبوو نوسەر تۆزێک ھەناسەدرێژتر بێت لەگەل ئەو کارەکتەرەو ھەر زوو ئەو ھەموو ئاماژەیە نەدات کە ئەو کارەکتەرە نەھێنییەکی لە پشتەو ڕەنگە سیخوڕ بێت بەسەر ئەرسەلانەوە.

ئەلزا ئارام لە کارەکتەری (شەیدا) و دیاری عومەر لە کارەکتەری (چرا)، ئامادەیی پێویستیان ھەیە لە پێناسەکردنی کارەکتەرەکەو ھەریەکەیان ساتی تایبەتی خۆی ھەیە کە قوڵتر بەنێو کارەکتەرەدا شۆڕبێتەوە، ئەلزا لەو دیمەنەی لەگەل شەریف کە باسی ڕابردووی خۆی دەکات، دەتوانێـت بونیادی کارەکتەرەکەو دیدگای بینەر بۆ ئەو کارەکتەرە ئاوەژوو بکاتەوە، دیارییش لەو ساتانەی لەگەل ھەڵوێست دەردەکەوێت، زۆر بەڕوونی ئەو حەزە پەنگخواردووەی نێو کارەکتەری چرا وێنا دەکات و پەیوەستبوونی ئەو کارەکتەرە بەو دەرفەتە تازەیەی ژیان گرێدەداتەوە.

ساوان خالید لە کارەکتەری (خومار)، ھەوڵیدابوو وێنای کچە ڕۆژنامەنوسێکی ئازاو خاوەن متمانە نیشانبدات و لە زۆرێک لە دیمەنەکانیش بە تایبەت ئەو دیمەنەی لەگەل ئەرسەلان لە باخچەی ئاژەلان، وێنایەکی بەھێزی ئەو کارەکتەرە دەکات، بەڵام لە ھەندێ دیمەنی تر کە ڕەنگە کەلێنی سیناریۆکەش بێت، جۆرێک لە سادەگۆیی و زیادەڕۆیی ھەیە لە وێناکردنی ئەو کارەکتەرە، بۆ نمونە لە دیمەنە سەرەتاییەکان کە لایەنگری ئەرسەلانە، زۆر بە سادەیی دوای قسەی ئەرسەلان دەکەوێت و ھیچ ئاماژەیەک لە ئەدای ساواندا نییە کە ئەو فۆرمە لەگەل ئەو کارەکتەرە ناتەبایەو کارەکتەرەکە شتێکی ترەو بەڵکو جۆرێک لە خۆپەرستی و گەمژەیی بە کارەکتەرەکەوە دیارە، تەنانەت لە دیمەنی کەمپینەکانیش جۆرێک لە ھەڵچوونی زیاد ھەیەو لیڤڵ و شێوازی قسەکردن و ئیلقای، قورسایی و بایەخی کێشەکە دەرناخات، ھەرچەندە دەرھێنەریش زۆر بە سادەیی کاری لەنێو ئەو لۆکەیشنانە کردووەو نەیتوانیووە قەناعەت دروست بکات، جگە لەدوا لۆکەیشن لەبەردەم شارەوانی سلێمانی، ھەموو لۆکەیشنەکانی کەمپینەکە زۆر لاوازو تێپەڕێندراون.

ئاراز عەبدوڵڕەحمانیش ئامادەییەکی باشی لە کارەکتەری کارۆدا ھەیەو توانیویەتی ئەو ململانێ شاراوەی نێو کارەکتەرەکە نیشانبدات کاتێ لەنێوان ھەردوو بەرداشی بیروباوەڕو بەرژەوەندییەکانی، نازانێ بەکام ڕووبەردا بکەوێت و ئینسانیەتی خۆی ون نەکات، ئەدای (سەربەست ئەحمەد) یش لە کارەکتەری (مامۆستای ھاوڕێی ئارێز)، ھەرچەندە ئیزافەی جیاوازی نەبوو بۆ سەر مێژووی کارکردنی سەربەست لەنێو دراماو شانۆدا، بەڵام لەو درامایە وەک پڕەنسیب توانی ئەو کارەکتەرە بگەیەنێت، ئەگەرچی لە زۆر کاتتدا نەیتوانی ئاسۆی چاوەڕوانی بینەر بشکێنێت و جیاوازتر دەربکەوێت، ڕەنگە بونیادو ڕووبەری کارەکتەرەکەو دیالۆگە تەقلیدییەکانی، کاریگەری لەوەدا ھەبوو بێت، بابان عومەریش لە کارەکتەری (سەریاس) گەنجێکی پڕ ئینرژی و توانایەو زۆر بە ھێمنی و بە متمانەوە مامەڵە لەگەل ئەو کەسایەتییە دەکات و ھەوڵیشیداوە جۆرێک لە فۆرمی کۆمیدییەکی سنووردار بەو کارەکتەرە ببەخشێت، ھەرچەندە بۆشایی کۆمیدیا لەو درامایە جێگەی پرسیار بوو، چونکە سینارێست و دەرھێنەر دەیانتوانی سوود لە توانای ھەندێ لە ئەکتەرەکان وەرگرن بۆ دروستکردنی لیڤلێکی سادەی کۆمیدیا لەنێو ڕووداوەکات، بە تایبەت کە کارەکتەری (چایچی) و کەشی ناو زانکۆ دەکرا یارمەتیدەر بێت، مەلا نەجمیش لە ڕۆڵی مامۆستا سەلام تا ڕادەیەکی باش موقنیع بوو، بینەر ھەستی بە ئامادەیی مەلا دەکرد لە وێناکردن و بەرجەستەکردنی کارەکتەری مامۆستایەکی مۆدێرنی زانکۆ کە ھەمیشە لە خەمی خوێندکارەنیەتی،

دوا دوو کارەکتەریش لەو درامایە توانیان ئەو وەزیفە درامییە ئەدا بکەن و ببن بەشێکی دانەبڕاوی ڕووداوەکانی ئەم درامایە ، ھەردوو ئەکتەر نڤار یاسین و کارۆ سەوز بوون، ھەردووکیان توانیان ببن بەشێک لە ژیانی نێو زانکۆی ھەردوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی نێو دراماکە، بە تایبەت کارۆ کە ڕووبەری کارەکتەرەکەی وەک کارەکتەری نەیار، توانای گەشەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەبوو، توانی وێنای کوڕە پارەدارێکی دەوڵەمەند بکات کە زانکۆ بۆ ئەو تەنھا پێداویستییەکی کەمالییەو جۆرێکە لە زەخرەفە لە ژیانییدا، پێچەوانەی ھەردوو کارەکتەری میران و سەما.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP