هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوا لە ئەمریکا دەکات، رێز نیشانبدات ئەگەر بیەوێت گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵدا ئەنجامبدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، لین جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: دەبێت "ڕێز" نیشان بدات ئەگەر بیەوێت دانوستانی بازرگانی ئەنجام بدات، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی هەمەلایەنە بەسەر بەرهەمە چینییەکان.
راشیگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی بیەوێت دانوستان ئەنجام بدات، دەبێت هەڵوێستی یەکسانی و ڕێزگرتن بگرێتەبەر.
وتیشی: ئەگەر ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ بخات و پێداگری لەسەر شەڕی گومرگی و شەڕی بازرگانی بکات، بە دڵنیاییەوە چین تا کۆتایی شەڕ دەکات.
دوێنێ دوشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس، هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی زیاتری لە چین كرد و وتی: ئەگەر چین لە بەیانییەوە باجە گومرگییەکەی بۆ سەر ئەمەریکا هەڵنەوەشێنێتەوه، لە 9ـی مانگەوە بە ڕێژەی 50% باجی گومرگی زیاتر بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن.
سەبارەت بە دانوستانی نیوان ئەمریکا و ئێران، رایگەیاند: دەبێت ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکاندا سیاسەتێکی ڕاستگۆیانە پەیڕەو بکات و ڕێز لە بەرژەوەندییە دوو لایەنەکان بگرێت، دەبێت بەشداریی گفتوگۆکان بکات و چیتر سیاسەتی ئەو پەڕی فشار بەرانبەر ئێران بەکار نەهێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی کردووە، چین لەگەڵ لایەنەکان لە دانوستاندن بەردەوام دەبێت، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەی کێشەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران و ئەمەریکا ڕایانگەیاند شەممەی داهاتوو لە عومان کۆ دەبنەوە؛ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکا لە سەڵتەنەی عوممان دەست پێ دەکات.