دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

عراقچی و ویتكۆف سەرپەرشتی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا دەكەن

هەرێم نیوز

میدیاکانی ئێران و نزیک لەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناوی شاندەکەی ئێران و ئەمریکایان بۆ گفتوگۆی رۆژی شەممەی نێوانیان ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە (12)ی نیسان لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری، دەرەوەی ئێران و، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.

تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باسی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکات.

عراقچی لە سەكۆی (ئێکس) نوسویەتی: ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە عومان بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆی ئاست بەرز کۆدەبنەوە.
راشیگەیاندووە: ئەوە چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیە، تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە.

لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشكرایكرد، شەممەی داهاتوو ئەمریکا وتووێژی راستەوخۆ و ئاست بەرز لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات.

وتیشی، ئێمە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین، ئەگەر ئەم دانوستانە راستەوخۆیانە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێبکەن، دەبینین شتەکان چۆن بەڕێوە دەچن، پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین چارەسەرە، نەک پەنا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەرین كە ئاشكرایە.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران کەم کردۆتەوە، ئەو سەرچاوانە بە "سکای نیوز عەرەبی"یان وتووە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هیچ ئاسۆیەکی جددی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە.

جەختیان لە بوونی کەناڵێکی دانوستانکاری راستەوخۆی ئێران-ئەمریکاش كردووەتەوە جگە لە کەناڵی سەڵتەنەی عومان .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP