هەرێم نیوز
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا و هاتنە پێشەوەى ئەحمەد شەرع بە هەموو گۆڕانکارییە دیار و نادیارەکانەوە، خەڵک و پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە چاویان لەسەر ئەوەبوو کە سوریایەکی نوێ دێتە کایەوەو هەمووان لە سایەیدا دەحەسێنەوە و بە پێچەوانەى رژێمەکەى بەشار ئەسەدەوە پەیڕەوی لە هەندێک رێککار ناکات کە ئەوان بۆ ماوەى زیاتر لە 50 ساڵدا لەو وڵاتەدا کردیان.
لە دوایین پێشهاتەکاندا میدیاکانى سوریا بڵاویانکردەوە ئەحمەد شەرع ماهیر شەرعی براى وەک ئەمینداری گشتى سەرۆکایەتى کۆمار لە جێگەى عەبدولڕەحمان سەلامە دەستنیشانکرد و ئەوەش ترسێکی لاى هاووڵاتیانى ئەو وڵاتە دروستکردووە کە دەسەڵاتى بنەماڵە بگەڕێتەوە بۆ سوریا وەک ئەوەى کە بەشارییەکان پەنجا ساڵ لە سوریا پەیڕەویانکرد.
بە گوێرەى راپۆرتى میدیا سوریاییەکان پێگە گرنگەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و رۆژنامەى مەداى عێراقى ئاماژەى بەو کردووە لە وەزارەتى بەرگریی، دەرەوە و ناوخۆ پۆستى هەستایر و گرنگ دراوە بە کەسە نزیکەکانى شەرع لە نێو بنەماڵەکەى و هاوڕێیانى پێشووى لە تەحریر شام کە هەموویان لە گەورە بەرپرسانى چەکدارانى ئیسلامی نزیک لە خۆی بوون، راشیانگەیاندووە پێگەى ئەمینداری گشتى سەرۆکایەتى سوریا بە گوێرەى یاسا لە بەڕێوەچوون و ئاڕاستەکردنی کارەکانى حکومەتدا کاریگەریی زۆری هەیە، بەتایبەتى لە بوارى بڕیارداندا زۆر هەژموونى دەبێت و پەیوەندییەکانى سەرۆکایەتى کۆمار لەگەڵ وەزارەت و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان رێکدەخات.
میدیاکانى سوریا وەک فلتەرێکى بنەماڵەیی سەیری دانانەکەى ماهیر ئەسەد دەکەن و پێیان وایە لەو واقیعەوە دوورە کە کارپێسپێردراوە، تەنانەت لە هەندێک بواردا نوێنەرایەتى سەرۆککۆماریش دەکات و دەسەڵاتى تایبەتى پێدەبەخشرێت با کاتیش بێت، رۆژنامەکە نوسیویەتى ماهر لەدایکبووى 1973 یە و دکتۆراى لە بوارى نەخۆشییەکانى ژنان و منداڵبووندا هەیە، لە ماوەکانى پێشوودا وەزارەتى تەندروستى بە وەکالەت بەڕێوەبردووە، لە نێوان 2022 و 2023 ی سەردەمی ئەسەدیشدا راوێژکاری وەزارەتى تەندروستى بووە بۆ کاروبارى نەخۆشخانەکانى باکوری سوریا.