هەرێم نیوز
كۆشكی سپی وەڵامی هەڕەشەكانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، ترەمپ پێشوازی لە هەرەشە سەربازییەكانی تاران ناكات و پێی باشترە كەناڵی دیپلۆماسی راستەوخۆی لەگەڵ تاران هەبێت.
جیمس هیویت، بەرێوبەری پەیوەندییەكانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی بۆ دەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی ، ئەوا روبەروی سزای توند دەبێتەوە .
لەلایەكی تریشەوە ، لە وەڵامی ئەو هەرەشانەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاراستەی ئێرانی كردبوو، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ، سكاڵای دژی هەرەشەكانی ترەمپ تۆماركردوە كە هەرەشەی بۆردومانكردنی ئێرانی كردبوو ئەگەر بێتو پێشنیازەكەی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی دانوستان پەسەند نەكات .
دوێنێ دوشەممە ئێران هۆشدارییەکی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ پێشکەشی باڵیۆزخانەی سویسرا کرد کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات و وەک نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران کاردەکات، لەو هۆشدارییەدا تاران ئیرادەی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی "بە توندی و دەستبەجێ" بۆ هەر هەڕەشەیەک دەربڕی.
تاران لە سەرەتای ئەم مانگەدا نامەیەکی لە دۆناڵد ترهمپەوە پێگەیشت، تیایدا دو مانگ مۆڵەتی بە ئێراندا تا بڕیار بدات کە ئایا دەچێتە ناو دانوستانی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، یان ڕوبەڕوی ئەگەری هەنگاوی سەربازی دەبێتەوە.
خامنەیی لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا وتی، "ئەگەر دوژمنان هێرش بکەنە سەر ئێران، گورزێکی توند و بەهێزیان پێدەگات، هۆشداریشیدا بە ئەمریکا و ئیسرائیل کە بیر لەوە نەکەنەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردودا ناکۆکی لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکەن، بەو پێیەی گەلی ئێران خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.