هەرێم نیوز
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران هۆشدارییدا لە گۆڕینی ڕێڕەوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەگەر لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر، دهشڵێت، "هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ بوهتە پرسێکی جیهانی، ئێمەش پێمان وایە ڕەنگە بەدوای ڕەفتاری بێ حیسابکردندا بگەڕێت، هەرچەندە ئەم ئەگەرە لاوازە، بەڵام هێزە سەربازییەکانمان لە ئامادەباشیدان".
عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران وتی، "فتوای ڕێبەری باڵای شۆڕش چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هەڵەیەک بکات، ڕەنگە گەلی ئێران ناچار بێت داوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکات".
ئاماژهی بهوهشكرد، "ئەمریکییە ژیرهكان خۆیان درکیان بەوە کردوه کە ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئێران، ئەوا پاڵیان پێدەنێن بەرەو چەکی ئەتۆمی".
دوێنێ دوشەممە ئێران هۆشدارییەکی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ پێشکەشی باڵیۆزخانەی سویسرا کرد کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات و وەک نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران کاردەکات، لەو هۆشدارییەدا تاران ئیرادەی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی "بە توندی و دەستبەجێ" بۆ هەر هەڕەشەیەک دەربڕی.
تاران لە سەرەتای ئەم مانگەدا نامەیەکی لە سەرۆک ترهمپەوە پێگەیشت، تیایدا دو مانگ مۆڵەتی بە ئێراندا تا بڕیار بدات کە ئایا دەچێتە ناو دانوستانی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، یان ڕوبەڕوی ئەگەری هەنگاوی سەربازی دەبێتەوە.
خامنەیی لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا وتی، "ئەگەر دوژمنان هێرش بکەنە سەر ئێران، گورزێکی توند و بەهێزیان پێدەگات، هۆشداریشیدا بە ئەمریکا و ئیسرائیل کە بیر لەوە نەکەنەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردودا ناکۆکی لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکەن، بەو پێیەی گەلی ئێران خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
لاریجانی وتی، "ئەمریکییەکان لە پەیامەکەیاندا هەڵوێستی خۆیان بە ڕونی ڕون نەکردەوە" و، لە قسەکانیدا بۆ ئەمریکا دهڵێت، "ئێوە چیتان لە ئێران دەوێت، لە بەرامبەردا چی پێشکەش دەکەن؟".
لاریجانی کاریگەریی بژاردەی سەربازیی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کەم کردەوە، وتی، "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوەکانمان، ئەوا ناتوانێت پێشکەوتنی ئەتۆمیمان بۆ زیاتر لە ساڵێک یان دو ساڵ دوابخات؛ چونکە ئێمە ڕێوشوێنی پێویستمان بۆ ئەم بابەتە گرتوەتەبەر".
ئەو پێی وابو "هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ بوهتە پرسێکی جیهانی، ئێمەش پێمان وایە ڕەنگە بەدوای ڕەفتاری بێ حیسابکردندا بگەڕێت، هەرچەندە ئەم ئەگەرە لاوازە، بەڵام هێزە سەربازییەکانمان لە ئامادەباشیدان".
لاریجانی وتیشی، "شیکاری دەرەکیمان هەیە کە ئاماژەن بۆ بونی پلان بۆ دروستکردنی ئاژاوە لە ناوخۆی ئێران، بە هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەکانی دەرەوە، مەحاڵە هیچ لایەنێک پاڵ بە گەلی ئێرانەوە بنێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری شۆڕشەکەیان بێت".
هەروەها ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە گوشار خستنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ تاران دروست بکەن، ناوبراو لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند، "زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەیانەوێت پەیوەندی سەربەخۆ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، بەڵام بە هۆی گوشارەکانی واشنتن هەڵوێستی یەکلاکەرەوە ناگرنەبەر".