هەرێم نیوز
دوای ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان جەستەی مرۆڤ لە سەر شێوازێكی دیاریكراو لە خواردن ڕادێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خواردنی بڕێكی زۆر لە خۆراك لە ڕۆژانی جەژن و بەتایبەت نانی بەیانی یەكەم ڕۆژ كاریگەری نەرێنی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت.
دكتۆر كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراك، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك چەند ڕێنماییەك بڵاودەكاتەوە.
ــ ڕێنمیاییەكانی خۆراكی تەندروست بۆ جەژنی ڕەمەزان :
۱ ـــ باشتر وایە نانی بەیانی ڕۆژانی جەژن هەمان خۆراكی پارشێوی مانگی ڕەمەزان یان هاوشێوەی نانی بەیانی ڕۆژانی پێش ڕەمەزان بێت: وەك نان و ماست ، پەنیر ، هێلكە ، هەوڵ بدرێت خواردنی نەریتی بەیانی یەكەم ڕۆژ دوا بخرێت و نیوەڕۆ بخورێت.
۲ ـــ ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەیانی یەكەم خواردنی جەژن ئامادە كرا، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكەین :
– خواردنی بڕێكی كەم لە برنج و شلە، هەوڵ بدرێت یەك جۆر شلە بخورێت .
– یەك جۆر گۆشت لێ بنرێت یان بخورێت و بڕی كەم و بێ چەوری و بەزی لێ بخورێت نەوەك گۆشتی سوور و مریشك و قەل هەمووی لە یەك كات ؛ ئەوەی تری هەڵگرە بۆ ژەم و ڕۆژەكانی دیكە جەژن ، هەڵبەت باشتریشە بیبەخشیت بە خێزانە كەم دەرامەتەكان.
– یاخود بەیانیەكەی یەك یان دوو شیش گۆشت یان سینگی مریشك یان جگەری برژاو بخورێت لە جیاتی برنج و شلە .
۳ ـــ خواردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە لە كاتی خۆی دا ، گرنگە ئێواران خواردنی سووك بخورێت.
٤ ـــ خواردنەوەی بڕێكی زۆر لە ئاو لە نێوان ژەمەكان بەدرێژایی ڕۆژەكە بە تایبەت لەگەڵ بەرز بوونەوەی پلەی گەرما و زیاتر هیلاك بوون لە چاو ڕۆژانی ڕەمەزان.
٥ ـــ خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوەی شەربەتی گیراوە و خواردنەوە گازییەكان، ئەگەر حەزت لێكرد شەربەتی فرێشی كەم شەكر بخۆرەوە .
٦ ـــ دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و بڕێكی زۆر لە چەرەس ، ئەگەر خواردت بڕێكی كەم لە چەرەسی كاڵ و كەم سوێری بخۆ.
۷ ـــ خواردنی سەوزە و میوە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەو جۆرانەی بڕێكی زۆر ئاویان تێدایە وەك ترۆزی ، خەیار ، كاڵەك ، مزرە سێو ، شووتی ، قەیسی ، هەوڵ بدە سێ جار لە نێوان ژەمەكان بیان خوێت ، ئەگەر حەزت لە شیرینی بوو، میوەی شیرین بخۆ .
۸ ــ تا دەتوانێت بە پێ سەردانی دراوسێ وكەس و كار و هاوڕێكانت بكە ، بۆ بینینان بچۆ، نەوەك شت خواردن.
۹ ـــ زۆر گرنگە شەوی پێش جەژن زوو بخەویت و ڕۆژانی تریش دوور بكەرەوە لە شەونخوونی ، دانیشتنی زۆر بە دیار تەلەفزێون و ئینتەرنێتەوە.
۱۰ ـــ پاڵنەكەوتن دوای خواردن لانی كەم بۆ ماوەی نیو كاتژمێر ، هەوڵ بدە دوای نان خواردن نەخەویت ، ئەگەر زۆر خەوت هات پێش بانگی عەسر نیو كاتژمێر بخەوە.
۱۱ ـــ ئەگەر چوویت بۆ سەیران بۆ نان خواردن مەچۆ، بۆ گەڕان و هەڵمژینی هەوای پاك بچۆ.
۱۲ ـــ ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە زۆر ئاگاداری خواردنی دەرمانەكانیان بن لەكاتی خۆی دا لەگەڵ پابەند بوون بە پارێزی تایبەت بە نەخۆشییەكانیان .
ئەو پزیشكە دەڵێت، تكایە وێنەی خواردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاومەكەرەوە، چونكە كەسانێكی زۆر هەن لەم وڵاتە كەم دەرامەت و هەژارن ، هەروەها دەبێتە هاندان بۆ زۆرخۆریی.