دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ئەکسیۆس: حەماس پێشنیازێکی میسری لەبارەی ئاگربەستی غەززە قبووڵ کرد

هەرێم نیوز 

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاند،حەماس پێشنیازێکی میسیری لەبارەی ئاگربەستی غەززە قبووڵ کردووە، کە پێشنیازەکە ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی و دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن، لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 29ـی 3ی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ئاشکرای کردووە، ئەو پێشنیازەی میسر کە حەماسی قبوڵی کردووە لەبارەی ئاگربەستی غەززە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ستیڤ وتیکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر هەمان پێشنیازی خستبووەڕوو.

پێگە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشنیازەکەی میسر لەبارەی ئاگربەستی غەززە بریتییە لە؛ ئازادکردنی پێنج بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن حەماس و دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لەبارەی ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە.

بە وتەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، ڕەنگە پێشنیازەکەی میسر ڕادەستکردنەوەی بارمتە کوژراوەکانی ئیسرائیلیش لەخۆ بگرێت. دەشڵێت: پێدەچێت ناتانیاهۆ دژی ئەو پێشنیازە هەڵوێستیکی توندی هەبێت.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، پێی وایە تا دوای جەژنی ڕەمەزان، هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی ئاگربەست ناکرێت، هەر چەندە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوە لەو بارەیەوە بکرێت.

گفتوگۆکانی دەوحە یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە غەززەی کرد، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، لەکاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارە هۆشداریدا ئەگەر ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچە فەلەستینییەکە رانەگرێت، ئەوان "لەناو تابووت"ـدا دەگەڕێنەوە.

ئیسرائیل بەرەبەیانی 18ـی ئەم مانگە دەستی بە بۆردوومان کردەوە و ئاگربەستی شکاند. بەپێی تەندروستیی کەرتەکەش، لەو کاتەوە، 855 کەس کوژراون.

دوێنێ چوارشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنیا حەوت رۆژدا 142 هەزار کەسی ئاوارە کردووە.

لەو 251 بارمتەیەی کە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل رفێنران، هێشتا 58 کەسیان لە غەززە ماون، لەنێویاندا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 کەسیان کوژراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP