هەرێم نیوز
سەنتەری میترۆ ئاماژە بە نوسراوێکی داواکاری گشتیی رایدەگەیەنێت، ڕەتی دەکاتەوە هیچ دامەزراوەیەک کاری ڕۆژنامەنووسان کۆت و بەند بکەن، دەشڵێت، ڕووداوەكانی كوشتن سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی رووماڵكردنی تاوان كە ڕێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، سەنتەری میترۆ لە راگەیەنراوێکدا ڕەخنە لە هۆشدارییەکی داواکاری گشتی سلێمانی دەگرێت لەبارەی قەدەغەکردنی ڕووماڵی ڕووداوی کوشتن، سەنتەرەکە دەڵێت: كاری ئەوە نییە ئەوە دەستنیشان بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەكانی كوشتن سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی رووماڵكردنی تاوان كە ڕێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت، قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن.
دەڵێت: میترۆ لەگەڵ ئەوەدا نییە میدیا بچێتە ناو هەندێ وردەكاریی تاوانەكان كە كاریگەرییان لەسەر رێڕەوەی لێكوڵینەوەكاندا هەیە یان شێوازی روماڵكردنەكەی ببێتە مایەی هاندانی توندوتیژی یان كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی قوربانییەكە هەبێت، یان تایبەتمەندی قوربانییەكە پێشێل بكات، یان لە بری دادگاكان حوكم بدات.
دەشڵێت: تێدەگەین كە لە پرسی روماڵی تاواندا، هەندێ دەزگای میدیا لە پَیودانگەی پیشەیی و ئەخلاق و ڕێسای ڕەفتاری پیشەكە لایداوە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكارێك كە رینمایی لایەنێكی رەسمی ببێتە جێگرەوەی یاسا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی نووسراێکی بە ژمارە (6/505) دەرکرد، تێیدا هاتووە، ئاشکرایە زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ڕووماڵی ڕووداو و تاوانی کوشتن دەکەن، لە کاتێکدا هێشتا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن.
ڕەخنەیەکی دیکەی سەرۆکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی لە میدیاکان ئەوەیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری کوژراوەکان دەکەن، ئەمەش جگە لەوەی بە تاوان هەژمار دەکرێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت.
هەروەها داوا دەکات سەرجەم کەناڵەکان پابەند بکرێن تا خۆیان لە ڕووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرن، ئەگەر نا، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕێکاری یاساییان بەرانبەر هەر کەناڵ و میدیایەک دەگرێتەبەر ئەگەر ڕووماڵی ئەو جۆرە هەواڵانە بکەن.