دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری دادی تورکیا: دەمیرتاش پێش جەژن ئازاد ناکرێت

هەرێم نیوز 

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پێش جەژن، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە راست نییە.

شەوی چوارشەممە، 26ـی ئادار، رۆژنامەوانێکی تورک لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەکەیەدا وتی، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، "سەلاحەدین دەمیرتاش سزای زیندانیکردنی 10 ساڵەی یەکلاکەرەوەی هەیە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟" وەزیر ئاماژەی بەوەشداوە کە ئازادکردنی دەمیرتاش لە کارنامەی ئەواندا نییە.

دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی پار لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەندێک لە دەزگاکانی هەواڵ و سۆشیاڵمیدیا لە تورکیا، دەنگۆی ئازادکردنی دەمیرتاش پێش جەژنی رەمەزان بڵاوبووەوە. شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی TGRT Haber ئەو بابەتە بووە جێگەی باس.  

پێشکەشکاری بەرنامەکە ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی دەم پارتی پەیوەندیی تەلەفۆنی کردووە و پێیانوتووە، "دەنگۆیەکی لەو شێوەیەیان پێگەیشتووە، بەڵام ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە".

ئەو پێشکەشکارە ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بەو بابەتە پرسیاری لە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کردووە و وتی، "کاتێک وتم بەڕێز باخچەلی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە. هەر بۆیە چاوەڕوانییەکی وا هەیە، وەزیری داد لە وەڵامدا وتی، 'سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟' هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە نییە بۆ ئازادکردن". 

عەبدولڕەحمان کارابوڵوت کە یەکێک لە پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بڵاوکردەوە و نووسی: "پەنا بەخوا جەژن لەگەڵمان دەبێت".

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان ، هەوڵی جددی لە کەناڵە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە، بەجۆرێک رۆژانە داواکاری بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش پێشکەشی دادگا دەکرێت. 

ئێوارەی هەمان رۆژ سلێمان دەمیرتاش، برای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لەوانەیە سبەی! لەوانەیە لە سبەیش زووتر! دەی پەنا بەخوا".

دوای ئەم پۆستە، براکەی دەمیرتاش پۆستێکی دیکەی لە ئێکس بڵاوکردەوە و ئەمجارەیان نووسی، "بە دڵنیاییەوە ئەم نادادپەروەرییە رۆژێک کۆتایی دێت، ئێمە بڕوامان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، بەڵام ئەمە رستەیەک نییە کە لەسەر بنەمای داتای کۆنکرێتی نووسیومە، پێویستە بە زووترین کات رووبدات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP