دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

گۆڕان (9) رۆژی تر كۆنگره‌ ده‌به‌ستێتێ و رێكخه‌رو سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێت

هەرێم نیوز 

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانی (گرده‌كه‌) ڕایگه‌یاند، بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدات، ده‌شڵێت، "هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە و بەرەی حەق تاجی سەرکەوتنی کردە سەری".

‏‎جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دره‌نگانی شه‌وی ڕابردو له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "‏‎پیرۆزبایی لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ده‌كه‌ین کە چەند رۆژێک پاش ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد، کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بو، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "‏‎وەفادار بە بەڵێنمان کە هەمو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە".

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ده‌ڵێت، "‏‎بە هەموان رادەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدات، بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەند بون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆوە ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئه‌ العامه‌) بانگهێشت ئەکەین بۆ بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی له‌ ساڵی ڕابردودا به‌سه‌ر دو به‌ره‌دا داشبو، به‌ره‌یه‌ك كه‌ دانا ئەحمەد مەجید و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌ گرده‌كه‌ جیابونه‌وه‌ و له‌ گه‌ڕه‌كی كوردساتی سلێمانی باره‌گایه‌كی نوێیان كرده‌وه‌، هاوكات به‌شێكی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانی كه‌ خۆیان به‌ هه‌ڵبژێردراوی بزوتنه‌وه‌كه‌ ناوده‌به‌ن له‌ گرده‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن، درێژه‌ به‌ كاره‌كانی گۆڕان ده‌ده‌ن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP