دواین هەواڵ

جیهان‌

 24/03/2025

جەهەپە بە فەرمی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بۆ هەڵبژاردنی 2028ـی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کرد

هەرێم نیوز 

پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا (جەهەپە) کاندیدکردنی فەرمی ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ده‌ستگیركراوی ئیستانبوڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕاگەیاند، ده‌بێته‌ ڕكابه‌ری ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان ، سه‌رۆكی ئێستای وڵاته‌كه‌.

جەهەپە ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوە کردووە، "دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو بەربەستێکی یاسایی لە بەردەم کاندیدبونی ناوبراو دروستناكات، چونکە تا ئێستا هیچ سزایەکی فەرمی لە دژی دەرنەچوە، هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی ئەکادیمییەکەی هەوڵێکی ڕونه‌ بۆ ڕێگریکردن لە کاندیدبونی".

به‌رپرسانی جه‌هه‌په‌ ده‌ڵێن، "ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەنها ڕێگریکردنە لە خۆکاندیدکردنی ئیمامئۆغڵو بۆ سه‌رۆكایه‌تی، بەڵام ملیۆنان کەس لە تەنیشتی وەستاون، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربونەوەی هه‌وڵه‌كان".

ئەو بەرپرسە ئاشکرایکردوە، "جەهەپە پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێک بۆ دانانی ئەمیندارێک بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ یان بڕیاری زیاتر لە دژی ئیمامئۆغڵو".

پارتەکە پابەندبونی خۆی بە بەردەوامی ناڕه‌زاییه‌كان دژی فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند، "هەرچەندە زیاتر ڕوبەڕوی نادادپەروەری ببینەوە، کاردانەوەکانمان بەهێزتر دەبن".

لەلایەکی دیکەوە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە ئاشکرای کرد کە نزیکەی 15 ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییە نه‌ریتییه‌كان کردوە کە پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕێکی خستبو.

ئیمامئۆغڵو کە دوێنێ یەکشەممە دەستبەسەرکرا، دوای بڕیاری دادگا بۆ زیندانیکردنی سەبارەت بە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی گەندەڵی و تیرۆر، گەیشتە زیندانی مەڕمەڕە، دادگاکە ڕایگەیاند، کە ئیمامئۆغڵو لەگەڵ 20 کەسی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی گەندەڵی دەستبەسەرن، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لەژێر پێداچونەوەی دادوەریدا ماونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP