هەرێم نیوز
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەفەرمی لەلایەن جەهەپەوە بووە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی لە توركیا.
ئەمڕۆ ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٥، جەهەپە لە كۆنگرەی نائاسایی خۆیدا، بەفەرمی و بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، ئیمامئۆغڵوی كردە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی لە توركیا.
ئەم بەربژێرییەی ئیمامئۆغڵو لە كاتێكدایە، ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی ئەوەی پشتگیری لە پەكەكە كردووە و هەروەها گەندەڵی لە شارەوانیی ئیستانبۆڵدا كردووە، خراوەتە زیندان.
رۆژێك بەر لەوەی ئیمامئۆغڵو دەستگیر بكرێت، دادگا بڕوانامەی ناوبراوی هەڵوەشاندەوە، بە هۆكاری ئەوەی بە ساختە توانیویەتی بچێتە زانكۆ و بەشی ئینگلیزی تەواو بكات.
بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەر كەسێك بیەوێت ببێتە سەركۆماری توركیا، دەبێت بڕوانامەكەی لە بەكالۆریۆس كەمتر نەبێت، هەڵوەشانەوەی بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو لەلایەن دادگاوە رێگەی لێدەگرێت ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
ئەم هەوڵەی جەهەپە و بەربژێركردنی ئیمامئۆغڵو بۆ ئەوەیە، بە دادگا و پارتی دەسەڵات (ئاكەپە) بڵێن، ئەوان بڕیاری دادگایان قبوڵ نییە و ئەوەی بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو كراوە سیاسییە نەك یاسایی، بۆیە داكۆكی دەكەن كە بەربژێری ئەوان تەنیا ئیمامئۆغڵووە.
ئەكرەم ئیمامئووغڵو، لە ١٩ی ٣ی ٢٠٢٥، لە لایەن ئاساییشی ئیستانبۆڵەوە لە ماڵەكەی خۆیدا لەگەڵ ١٠٧ كەسی تر دەستگیر كران. هۆكاری دەستگیركرنەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە تۆمەتی گەندەڵبوونیان داوەتە پاڵ و هەروەها تۆمەتباریان كردووە بەنهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە.