دواین هەواڵ

جیهان‌

 23/03/2025

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ دوورخرایەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کارەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەڵپەساردووە، دوای ئەوەی دادگا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، "ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ ڕاگیراوە".

ئیمام ئۆغلۆ كە سەربە پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنەو ركابەری سەرەكی رەجەب تەیب ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئایندەی توركیا، چەند رۆژێكە بە تۆمەتی (گەندەڵی و تێوەگلان لەگەڵ رێكخراوە تیرۆرستییەكان) دەستگیركراوە، پارتی گەلی كۆماریی تۆمەتەكان بە سیاسی ناودەبات، ئەردۆغان و پارتەكەی رەتیدەكەنەوە دەستوەردانیان كردبێت لە رێوشوێنەكانی دادگادا.

لەدوای لادانی لە پۆستەكەی، دەبێت ئەنجومەنی شارەوانی ئیستانبوڵ كەسێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە دیاری بكات.

(دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە توركیا، دژی بڕیاری دەستگیركردنی (ئیمام ئۆغلۆ)یە، ئەمەش لەكاتێكدا بەهۆی دانوستانی ئاشتی ئیمرالییەوە، ئەم رۆژانە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و كورد لە توركیا خۆشە.

دەستگیركردن و لادانی ئیمام ئۆغلۆ لە پۆستەكەی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ پارتی گەلی كۆماریی هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی بەڕێوەدەبات بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئایندەی توركیا، بڕیارە ئەم پارە ئیمام ئۆغلۆ وەكو كاندیدی خۆی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكە دیاری بكات.

بڕیارە ساڵی 2028 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەبچێت، بەڵام قسەوباس هەیە لەبارەی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتیش كە ئەردۆغان چاوی لە هەمواركردنەوەی دەستورو رێكخستنەوەی پێگەی سیاسی خۆیەتی بۆ ئایندەی توركیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP