دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو بۆنە جەماوەرییە بە دەرفەتێک دەزانین بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی ناوخۆ و هاماهەنگی زیاتر و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، "گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی تایبەت لە هەموو کوردێکی دڵسۆز لە هەر شوێنێکی دونیا بێت دەکەین، جەژن لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و تەواوی کوردستانیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز دەکەین."

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هیواخوازە بۆ لەمەودواش هەموو لایەک بە هێز و گیانی بەرپرسیاریەتی کار بکەن و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی، کاری لە پێشینەی خیتابی سیاسیی هەمووان بێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو پاراستنی قەوارەی شەرعی هەرێم و دەستکەوتەکاندا.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی تایبەت لە هەموو کوردێکی دڵسۆز لە هەر شوێنێکی دنیابێ دەکەین و جەژن لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و تەواوی کوردستانیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

کولتووری نەتەوەییمان لە ڕەوتاری مێژوویی خۆیدا خاوەن شوناسی ڕاستەقینە و تایبەتمەندێتی خۆیەتی و تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەو نەریتەی پەرە پێداوە و پاراستوویەتی شانبەشانی شوناسی ڕەسەنی نەتەوەیی و ڕەگەزە نەتەوەییەکانی دیکە، دیارە نەورۆزیش یەکێکە لەو نەریتە ڕەگاژۆییەی نێو مێژووی بوون و مانەوەی گەلەکەمان.

لەسەرینی ئەمەوە، یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (2725)ی ئەمساڵیش لە نێو دیرۆک و کولتووری کوردەواریدا وەک نەریتێکی دێرین و هەمیشە زیندوو و گرنگە. نەورۆز وەک هەمیشە نیشانەی بووژانەوە و سروشبەخشی نوێبوونەوەی سروشت بووە. هەروەها هەوێنی نەسرەوتن و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێچکە و ڕەوتی تێکۆشان و ڕەتکردنەوەی زوڵم و زۆرداری.

هاتنی بەهار و جەژنی نەورۆز، هاندەر و بزوێنەری گیانی ئازادیخوازی و ڕزگارییە، هێمای یەکبوون و ڕابوونە، نیشانەی ڕۆژێکی نوێیە لە سەرتاسەری کوردستان، بۆیە ئەو بۆنە جەماوەرییە بە دەرفەتێک دەزانین بۆ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی ناوخۆ و هاماهەنگی زیاتر و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکان.

هیوادارین بۆ لەمەودواش، هەموو لایەک بە هێز و گیانی بەرپرسیاریەتی کار بکەین و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی، کاری لەپێشینەی خیتابی سیاسیمان بێ بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و پاراستنی قەوارەی شەرعی هەرێم و دەستکەوتەکانمان.

ئەم بۆنە پیرۆزە، هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕین و ڕۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان، بەو بۆنە گرنگەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتییان و خەڵکی سەربەرزی شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین.

جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی پیرۆز و کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان و شکۆدار بێت.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

نەورۆزی٢٧٢٥ی کوردی

٢١ی ئاداری ٢٠٢٥زایینی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP