دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/03/2025

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مەزڵوم عەبدی و شاندی حکومەتی کاتی سوریا ئاشکراکرا

هەرێم نیوز
لە کۆبوونەوەکی مەزڵوم عەبدی و شاندی حکومەتی کاتی سوریادا جەختکرایەوە کە هیچ پێکهاتەیەک لە رۆڵبینین لە نووسینی دەستوور دوورنەخرێتەوە.

 ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ شاندى دیمەشق کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکى کاتیى سوریا پێکهێنراوە کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە کە هیچ پێکهاتەیەک لە رۆڵبینین لە نووسینی دەستوور دوورنەخرێتەوە.

بەپێى راگەیەندراوى هەسەدە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ شاندەکەى حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی حوسێن سەلامە، کۆبووەتەوە. رۆژهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و چەند ئەندامێکی هەردوولا بەشداریان لە کۆبوونەکەدا کردووە.

لە کۆبوونەوەکە بیروڕا لەبارەی میکانیزمی کارکردنی لیژنەکان تاوتوێ کراوە، کە بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی مانگی نیسانی داهاتوو بە شێوەیەکی هاوبەش دەست بەکار بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لەو دەستورە کراوە کە ئەحمەد شەرع واژۆى لەسەرکرد و هەردوولا جەختیان کردەوە کە هیچ پێکهاتەیەکی سووریا لە رۆڵبینین و بەشداریکردن لە ئایندەی سووریا و نووسینەوەی دەستوور دوورنەخرێتەوە.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی هەسەدە و شاندەکەی حکومەتی سووریا باسیان لە وەستاندنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست لە سەرانسەری سووریا کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP