هەرێم نیوز
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "بەتۆمەتی دزیکردن و شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل سێ تۆمەتبار دەستگیرکران".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندبوو دزیان لێکردبوون".
گووتیشی: "لەچوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و سەرو ماڵی هاوڵاتیان و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەتۆمەتی دزی کردن و شکاندنی جامی ئوتۆمبێل".
باسی لەوەشکرد: "لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندوەو پارەیان لەناو ئوتۆمبێلەکان دزیوە".
ئاشکراشیکرد، ئەوەلەئێستادا هەرسێ تۆمەتبار (ر، ر، غ - س، ه، ع - د، ب، ع) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.