دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

لێدوانی مەسرور بارزانی پاش واژۆکردنی دوو گرێبەستی گرنگی بواری وزە لە ئەمریکا

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی لەبارەی دوو گرێبەستی بواری وزە لە واشنتن لەگەڵ دوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەم وەبەرهێنانە نوێیە ڕۆڵی دەبێت لە گەشەسەندی هەموو هەرێمەکە بەشێوەیەکی فراوان.

بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس) لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کرا.

مەسرور بارزانی پاش واژۆکردنی گرێبەستەکان لە وتارێکدا دەڵێت: ئەم ڕێککەوتنە چەند ملیار دۆلارییە پابەندیی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنیت بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە. 

ئاماژەی بەوەش کردووە: بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە.

وتیشی: حکومەتی هەرێم پابەندییەکی زۆری هەبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازی بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت دەڵێت: هیوادارین بتوانین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین. لەو بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە گەشەپێدانی ناوچەکە.

لەبارەی ئەمریکاوە وتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە. پێمان وایە وەبەرهێنان لە وزە و گەشەپێدان لە ئابووری دەتوانرێت پەیوەندییەکانمان قوڵتر و بەهێزتر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP