دواین هەواڵ

ئابوری‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی دوو نووسراو لەبارەی مووچەی مانگی سێ دەردەکات

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دارایی کوردستان دوو نووسراوی ئاراستەی یەکە ژمێریارییەکانی وەزارەتەکان کردووە و دوایین وادەی بۆ وەزارەتەکان و دەستە و فەرمانگەکان دیاری کردووە بۆ ئەوەی لیستی نوێی مووچەیان بە سیستەمی پەیرۆڵ بۆ بنێرن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوایین وادە سبەی کاتژمێر 11ـی بەیانییە و ئەمە بە نووسراوی فەرمی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان نێردراوە، دەبێ تا ئەوکات سەرجەم یەکە ژمێرییەکان لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی کوردستان بنێرن، لەوێش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و  بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.

وەزارەتی دارایی لە نووسراوەكەدا داوای لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە بە هیچ جۆرێک هیچ کەسێک زیاد نەكرێت لە لیستی مووچە، بە هۆکاری ئەوەی کەسوکاری شەهیدە یاخود لەبیر کراوە یان هەر هۆکارێکی دیكە، واتا نابێت یەك ناویش زیاد بكرێت.

داواشی كردووە، ڕوونکردنەوەیەک بە زمانی عەرەبی بە پەسەندكراوی ڕەوانە بكەن كە تێیدا بە تەواوی ئاماژە بە وردەکارییەکان بکرێت، نموونە چەند کەس مانگی سێ خانەنشین بوونە، لەگەڵ سەرجەم وردەكارییەكانی دیكە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی كوردستان نووسراوێکی دیکەی بۆ یەكە ژمێریارییەكانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ناردووە و ئاگاداریان دەكاتەوە بۆ لیستی مانگی سێ سەرمووچە نابەسترێت و زیاد ناكرێت، واتا ئەگەر فەرمانبەرێك بۆی نەبەسترابێت نابێت لە لیستی مانگی سێدا زیاد بكرێت، چونكە بەغدا قبووڵی ناكات.

هەروەها هیچ جیاوازییەك لە دەرماڵە ناكرێت تەنیا لە چەند حاڵەتێك نەبێت، وەك  گەڕانەوە لە مۆڵەتی بێ مووچە یاخود مۆڵەتی دایكایەتی یاخود كەسێك كە مانگی ڕابردوو سزای هەبووە یاخود مۆڵەتی هەبووە، بەو هۆیەوە دەرماڵەیەكی كەمكرابێتەوە ئەوا بۆی زیاد دەكرێت.

وەزارەتی دارایی جەخت دەكاتەوە جگە لەو بڕگانەی سەرەوە نابێت بە هیچ جۆرێك دەستكاری بڕی مووچە و دەرماڵەكان بكرێت. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد کە پەلە بکەن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ تەنانەت لە ڕۆژانی پشووش کاربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP