هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە 9,000 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە".
ئاماژە بەوەش کراوە: ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکراوە و بەمشێوەیە بەکۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە: پڕۆژەی ڕووناکی لە چالاکیەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەلێک گەڕەکی دیکە لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: بۆ زانیاری زیاتر، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992. سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو 9ی شەو بەردەستە.