دواین هەواڵ

ئابوری‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی نەوتی سووریا: ماوەی سێ مانگە نەوت لەناوچەکانی ژێردەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوردە دەکەین

هەرێم نیوز 

وەزارەتی نەوتی سووریا رایگەیاند، بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆ ماوەی سێ مانگ نەوت لەناوچەکانی ژێردەستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوردە دەکەن، دەشڵێت، هەموو کارێک دەکەن بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ هاووڵاتیانی سووریا. 

ئەحمەد سلێمان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو کێلگانەی لە ژێر دەستی دایە، نەوت بۆ دیمەشق بەرهەم دەهێنن.

وتیشی، بڕیاریان داوە بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆ ماوەی سێ مانگ نەوت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە هاوردە بکەن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیانە.

باسی لەوەش کردووە، ئەگەری هەیە دوای ئەو سێ مانگەی دیاری کراوە و بەگوێرەی بەرژەوەندیی گەلی سووریا بڕیار لەسەر دۆسیەی نەوت بدەن، هەروەها هەموو کارێک دەکەن بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ هاووڵاتیانی سووریا. 

ئەحمەد سلێمان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی پچڕانی کارەبا کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، کە لە ئەنجامی شەڕەوە خراپتر بووە، هەروەها کەمیی سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا هۆیەکی دیکەی قەیرانەکە بووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆربەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فورات و  لە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP