هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە دەوروبەری گوندی دوراجی و غەررە، پلانێکی چەکدارانی داعشمان پوچەڵکردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندروێكدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی شوباتی ٢٠٢٥، شانەیەکی نوستوی گروپی تیرۆرستی داعش لە سنوری گوندەکانی دوزخورماتوو بە دیاریکراوی لە دەوروبەری گوندی دوراجی و غەررە، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا پەلاماری چەند شوانکارێکیان دا، لەئەنجامدا ڕوبەروبوونەوە لە نێوانیان دروستبووە.
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو سنورە، دەست بەجێ هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بەمەبەستی بە هاناوەچوونی شوانەکان و خەڵکی ناوچەکە روویان لە شوێنی روبەڕوبونەوەکە کرد و توانرا شوانەکان بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتن.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دڵنیایی دەدات کە پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوەیە و بە ورە و دەستێکی پۆڵاین روبەڕوی هەموو جولە و کردوەیەکی تیرۆرستانی داعش دەوستێتەوە.