دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان

هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان و دەمانەوێت کێشەکانی ساڵی رابردووی مووچە دووبارە نەبنەوە.

 دووشەممە، 3-2-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای ١٥ ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.           ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ ی شوباتی ٢٠٢٥،  لەبینای ئەنجومەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئاوات شێخ جەناب)وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگەنە ڕێكکەوتن.                      
ئاشکراشیکرد، لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.                                                 
ئەوەشی خستەڕوو، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٥ )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.           
دووپاتی کردەوە، شایانی باسە شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP