هەرێم نیوز
دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا، کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕاگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا-ئیلیزێ لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لە پابەندبوونی فەرەنسا بە یەکێتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. دەشڵێت: لەم دۆخە ئەمنییەدا، سەرۆککۆمار پێشوازیی لە باشتربوونی دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێر کرد."
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، هەردوولا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە، بەتایبەتی سووریا. ئاماژە بەوە کراوە: "سەرۆککۆمار دووبارە داوای جێبەجێکردنی راگواستنێکی سیاسیی دادپەروەرانەی کرد کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت. کوردەکانی سووریا دەبێت بە تەواوی لە دیالۆگی نیشتمانیدا بەشدارییان پێ بکرێت."
ئەوەش هاتووە: ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە سەرکردایەتیی ئەم شەڕە [شەڕی دژی داعش] دەکەن. بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری سووریا. ئەم پەیامانە لە لایەن فەرەنساوە دەگەیەنرێتە هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی لە کۆنفرانسی سووریا کە لە 13ی شوبات لە پاریس لەلایەن وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوە رێکدەخرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە" هەردوولا هاوڕابوون کە پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر بەهێز بکرێن، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. هەروەها جەختیان لە پابەندبوونیان بە شێوازی کۆنفرانسی بەغدا کردەوە. سەرۆککۆمار ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە سێیەم خولی ئەم کۆنفرانسە دەربڕی، کە دەکرێت لە ساڵی 2025 ببەسترێت."
پێشتریش سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە،کە تێیدا هاتووە: نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى ههرێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و ڕۆڵى دۆستانهى فهرهنسا و سهرۆك ماكرۆن له يارمهتيدانى عێراق و ههرێمى كوردستان بهتايبهتى له ڕۆژگاره سهختهكاندا دووپات كردهوه، ههروهها ئاماژهى بهوه دا كه گهلى كوردستان ههرگيز هاوكارييهكانى فهرهنسا لهبير ناكات.