دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە:"شه‌وى ڕابردوو، پێنجشه‌ممه‌ 2025/1/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌یشت. تیایدا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى سووريا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌".

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و ڕۆڵى دۆستانه‌ى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له‌ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌رگيز هاوكارييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌بير ناكات.

لاى خۆيه‌وه‌ ماكرۆن جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فه‌ره‌نسا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانیی له‌پێناو سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا، كرد.

هه‌ر له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا ماكرۆن پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ نێچيرڤان بارزانى كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و سووريا و داكۆكييان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد له‌ سووريا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP