هەرێم نیوز
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبوونەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بانکەکە، شاندە ئەمریکییەکە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە خواستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق دا.
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارەکانی ئەمریکا-عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
بانکەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییە بانکی و ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کراوە، لە مانگی چواری ئەمساڵیشدا شاندێکی بانکی ناوەندیی سەردانی واشنتۆن دەکات و، لەگەڵ ژووری بارزگانیی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە."
ئەوەش هاتووە، "شاندە ئەمریکییەکە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە خواستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق لە بوارەکانی، وزە، ژێرخان، تەکنەلۆژیای نوێ. گفتوگۆش لەسەر رێکارەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناخی کارکردن لە حەواڵە دەرەکییەکان لە رێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە."
عەلی عەللاق لە کۆبوونەوەکەدا جەختیی لەوە کردووەتەوە، کە پاڵپشتی تەواوی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە دەکەن کە خواستیان هەیە لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، لە نێویاندا کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
نزیکەی 30 بانکی عێراقی لەلایەن گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراقەوە سزادراون و لە پێدانی دۆلار بێبەش کراون.