دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مووچەی بەشێکی دیکەی خانەنشینان هاوتای بەغدا دەکرێت

هەرێم نیوز 

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵێکی زۆردرا بۆ هاوتاکردنی مووچەی ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان خانەنشینکراون، دواجار حکومەتی هەرێم بڕیاریدا. 

باسی لەوەشکرد، “لەبەر ئەوەی ئەو کردارە دەرهاویشتەی دارایی هەیە بۆیە لە شار و شارۆچکە بچووکەکانی وەک هەڵەبجە و کۆیەوە دەستیپێکردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە لیستی مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵدا خانەنشینانی شارە گەورەکانیش مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە هاوشێوەی ئەوانەی دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون.

مانگی 7ی ساڵی 2024 موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بە پێی یاسای خانەنشینی یەگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان دابەشکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێنماییەو، نەزانرا پێوەرەکانی زیادکردنی موچەی خانەنشینان لە پێش ساڵی 2014 و دوای ساڵی 2014 چۆنن و جیاوازی لەنێوان موچەی خانەنشیان دروستکرد.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لیژنەی هاوبەشمان هەیە لە نێوان هەردوولادا، لیژنەی یەکخستنی ڕێکارەکانی پێ دەڵین. زۆر لە بابەتی خانەنشینەکان بە تایبەیت پێشمەرگە و لە ئاستی هەموو فەرمانبەران و گشتیش دەمانەوێت یەکیبخەین، چونکە یاساکان جیاوازن لە نیوان هەرێم و بەغدا. دەبێت هەمووی یەکبخرێت. لیژنەکە ئیشی یەکخستنە بە تایبەت لە بوارە سەربازیەکان هەتا بتوانن هەمووی یەکبخەن."

بە گوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 250 هەزار خانەنشین هەن، کە 160 هەزار خانەنشینی مەدەنین و 90 هەزار خانەنشینی سەربازین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP