دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان: سووریا پرسی باكووری ڕۆژهه‌ڵات به‌ ئاشتیی چاره‌سه‌ر ده‌كات

هەرێم نیوز 

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا جەخت لە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتەوە و دەڵێت”گەشبینم بە دانوستانەکان”.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، 22ـی 1ی 2025، گییەر پیدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ دیمه‌شق ڕایگه‌یاند، دیالۆگی نیشتمانیی سووریا پێویسته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ خۆ بگرێت. 

 ئاماژەی بەوەش کرد، هاوكار ده‌بن بۆ ڕه‌خسانی بارودۆخێكی له‌ بار و گونجاو و ئاماده‌كاریی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی دیالۆگی نیشتمانی كه‌ خودی سووریاییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن.      

گییەر پیدەرسن باسی لەوەش کرد، بوونی سوپای ئیسرائیل له‌ خاكی سووریا هه‌رگیز قبووڵكراو نییه‌، وتیشی، كار ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر سووریا.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ئەوەشی خستەڕوو، دڵنیاییان وه‌رگرتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی سووریا له‌ دیاریكردنی چاره‌نووس و ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌یان. تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع باسیان له‌ كورد و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كردووه‌ و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا كۆبوونه‌وه‌ی مه‌زڵووم عه‌بدی و ئه‌حمه‌د شه‌رع هه‌نگاوێكی باشه‌ و ئیداره‌ی نوێی سووریا پرسی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ به‌ ئاشتی چاره‌سه‌ر ده‌كات.

وتیشی، پێویستە ئه‌مه‌ریكا و توركیا ڕۆڵی نێوه‌ندگیریی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی نوێی سووریا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بگێڕن.

هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی و وتی: "پێشوازیی له‌ پابه‌ندبوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕاگوزه‌ری سووریا ده‌كه‌م كه‌ په‌نایان نه‌بردووه‌ته‌ به‌ر سیاسه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌." باسی له‌وه‌ش كرد، ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان ده‌بنه‌وه‌.            



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP