هەرێم نیوز
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی 12 نهۆمیی ناوچەی گەشتیاریی کارتاڵکایا تایبەت بە یارییەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە وڵاتی تورکیا، 66 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەسی دیکەش برینداربوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش بڵاویکردەوە، کاتژمێر 03:27 خولەک هەواڵی کەوتنەوەی ئاگرەکە گەیشتووەتە تیمەکانی وەزارەتەکەیان. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا 66 کەس گیانیان لەدەستداوە و 51 کەسی دیکەش برینداربوون.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هەریەک لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستی و مەهمەت نوری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی بریندارەکان و رووداوەکە بە گشتی، گەیشتنە ناوچەکە.
پەیوەست بە رووماڵی رووداوەکەش، دادگای بۆڵو لە کاتژمێر 4:00 دا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رووماڵی قەدەغەکرد.
هاوکات ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، رایگەیاند رووداوەکە کارەساتئامێزە و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاد دەکات.
بۆڵو دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای تورکیا و 260 کیلۆمەتر لە ئیستانبوڵەوە دوورە. ئەو ناوچەیەشی هۆتێلەکە تیایدا گڕی گرتووە، یەکێکە لە ناوەندە گەشتیارییە ناسراوەکانی تورکیا.