هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، هەردوولا هاوڕا بوون بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا.
ئەمشەو دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
ئاشکراشیکرد، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا.
ئەوەشی خستەڕوو، هەردوولا هاوڕا بوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا.
باسی لەوەشکرد، داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایە ڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.