هەرێم نیوز
کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززەی پەسەند کرد و پێشنیازی راسپاردەکەیان بەرزکردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی واژۆ لەسەرکردنی.
نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاش پێداچوونەوە بە هەموو لایەنە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکانیدا و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە، پاڵپشتیی بەدیهێنانی ئامانجەکانی شەڕ دەکات، کابینەی ئەمنی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەندکرد و راسپاردەکەیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ واژۆ لەسەرکردنی.
بڕیارە لەسەر ئەو بنچینەیە رۆژی یەکشەممە، دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتانە بکرێت کە حەماس لە هێرشێکدا لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئیسرائیل دەستگیری کردن.
لە بەرامبەر ئەو بارمتانە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە لەلایەن قەتەر، ئەمریکا و میسرەوە نێوبژیوانی بۆ کراوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەدان بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
کابینەی گەورەی حکومەتی ئیسرائیل ئەمشەو کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی مۆری کۆتایی پەسندکردن لەسەر رێککەوتنەکە بدات. ئاگربەستەکە لە ئێوارەی رۆژی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو دوای 15 مانگ لە جەنگی بەردەوام ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس راگەیەندرا، بڕیارە دوای پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە لە 19 ی ئەم مانگەوە رێکەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.