دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

کورد چوارەم پێکهاتەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە

هەرێم نیوز

تێبینی: 

ئەم بابەتە لە سایتى -الجزیرة- بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە بۆ خوێنەرى کورد بابەتەکە نوێ نییە، بەڵام لە میدیایەکی عەرەبی و گرنگەوە کە بڵاودەکرێتەوە جێگەى بایەخە، بۆیە -هەرێم نیوز- بە کورتى بەشێک لەو بابەتەى وەرگێڕاوە بەکەمێک وردە رێکخستنەوەوە.
کورد پێکهاتەیەکى نەتەوەیی سەربەخۆیە، لەڕووى ئاینییەوە زۆرینەى رەهایان موسڵمانن، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ژمارەیەک لە گەلانى ناوچەکە تێکەڵاوبوون، بەشێک لە کلتور و زمان و رۆشنبیرییان تێکەڵ بووە، تەنانەت بەشێک لە پێگەو جوگرافیەکەشیان هاوبەشە، ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە 46 ملیۆن کەس و زۆرینەی رەهایان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نیشتەجێن، بەڵام بەهۆکاریی جیاوازیش لە جوگرافیا جیاوازەکانى دونیاشدا بوونیان هەیە، ئەوەى کە کورد لەوانى دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکى سەربەخۆی خۆیان نین.

مێژوونوسان لەبارەى ریشەى کوردەوە بۆچوونى جیاجیایان هەیە، بەشێکیان باس لەوە دەکەن بنەڕەتیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاسیاى بچووک، کۆمەڵە خێڵێکى بچووک بوون و لە بەشى زنجیرە چیاکانی تۆرۆسى تورکیاوە درێژ بوونەتەوە تا گەشتووەتە کۆتاییەکانى زنجیرە چیاکانى زاگرۆس لە رۆژئاوای ئیران.

بەشێک لە مێژوونوسانیش باوەڕیان وایە کورد لە بنەڕەتدا خێڵی عەرەبی بووەن و کۆچیان کردووە بەرەو چیاکانى کوردستان، بەهۆی دابڕانى ناوچەکەیانەوە سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام ئەم بۆچوونە لاوازە، ئەوەى ئەم بۆچوونە لاوازتر دەکات ئەوەیە سەرچاوەکان ئاماژەیان بە هۆزەکانى جاف و بادینان وو قیسانیە و خالیدیە و مەراونى دەکەن، کە سەرچاوەکانى دیکە بنەڕەتى ئەو هۆزانە بە سەربەخۆ لە قەڵەم داون.

ژمارەیەکی دی لە مێژوونوسان ئاماژە بوە دەکەن کە بنەڕەتى کورد لە بنەڕەتدا هیندۆئەورپین و لە ڕەگەزی ئارین، لە سەدەکانى 12 بۆ 9ـى پێش لە زایین لە ناوچەکانى ئێستاى کوردستان نیشتەجێ بوون.

جوگرافیاى کوردستان دەکەوێتە رۆژئاواى کیشوەری ئاسیا، دابەش بووە بە سەر چوار وڵاتى سەرەکیدا لەوانەش ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، زۆرینەى رەهایان لە بناری زنجیرە چیاکانى زاگرۆس دا نیشتەجێن، کە بە زاگرۆس نشینەکانیش بەناوبانگن، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بنەڕەتى کورد لە چوار بەشى سەرەکی پێکهاتوون ئەوانیش کرمانج و گۆران و لوڕ و کەڵهوڕن، سەرچاوە فارسییەکان باس لەوە دەکەن کە وشەى کورد لە بنەڕەتدا بۆ نەترس و ئازا و بەغیرەت و جەنگاوەری چاونەترس هاتووە.

زۆرینەى رەهاى کورد موسڵمان و سوننە مەزهەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە ئایینەکان و مەزهەبی شیعەشیان هەیە، بەشێکی کەمیان جوولەکە، ئێزدی، یارسان و هەندێک کەمینەى دیکەشیان تێدایە، هەموویان بە یەک شێوەزار ئاخاوتن ناکەن و لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەک زاراوەکانیان دەگۆڕێت، بەناوبانگترین شێوەزارەکانیان بریتین لە:

کورمانجی کە زۆرینەى رەهاى کورد قسەى پێدەکەن بەتایبەتى لەتورکیا و سوریا و بەشێک لە ئێران و بگرە عێراقیش، سۆرانى کە بەشێکە لە کوردەکانى رۆژهەڵات و عێراق قسەى پێدەکەن، فەیلییەکانیش لە عێراق و ئێران هەن، شێوەزاری گۆرانی یان هەورامی کە لە ئێران و بەشێکیش لە عیراق قسەى پێدەکەن و کەڵهوڕەکانیش دەکەونە ئێران و عێراق.

کوردەکان ئایدۆلۆژیاى جۆراوجۆریان تێدایە، بەڵام ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی لەهەر چوار پارچەکەى کوردستان لە هەموو ئایدۆلۆژیایەک زاڵترە،لەگەڵ ئەوەشدا حیزب و پارتى جۆراوجۆری هەن، لەوانەش پارتى دیموکراتى کوردستان و پەکەکە و هەندێک لە پارت و رێکخراوى دیکە، پارت و رێکخراوە ئیسلامییەکانیش لەنێو کوردا هەن لەوانەش یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵی دادگەریی و بزووتنەوەى ئیسلامی و پێشتریش ئەنسارولئیسلام یان هەبووە,لە پارچەکانی تری کوردستانیش پارتى جۆراوجۆریان هەیە.

بەشێک لە کوردەکان شوێنکەوتەى بیروباوەڕێ چەپن و لە هەرچوارپارچەکەش بوونیان هەیە لەوانەش چەپەکانى کوردستانى عێراق بە هەموو جۆرەکانیەوە و حزبی زەحمەتکێشان و و پارتى کرێکارانى کوردستان و کۆمەڵە و پەژاک و حزبی دیموکرات و چەندینى دیکە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن ریشەى دێرینى کورد لەچەند لقێک پێکهاتوون، ئەوانیش لۆلۆییەکان لە ناوچەکانى زاگرۆس ، گۆتییەکان، کاشۆییەکان، حورییەکان، سۆباریی ، نایری، و چەندانى تر.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن میدیا یەکەم دەسەڵات و دەوڵەتى کوردیی بووە و بۆماویەکى زۆر دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا رۆشتووە و چەندین دەسەڵاتى دیکەشیان هەبووە لە ناوچەکەدا، لەسەردەمی ئیسلامیشدا لە سەدەى حەوتەمی زاینییدا و لەسەردەمی عومەری کوڕی خەتاب دا فتوحاتى کوردستان دەستی پێکردووە، چەندین دەسەڵاتى ناوچەییان هەبووە لەوانەش شەدادییەکان، حەسنەوییە، بەنوعەناز و مەروانییەکان.
ئەیوبییەکانیش بە یەکێک لە بنەماڵە دیارەکانى کورد دێنە ئەژمار بەتایبەتى لەسەردەمی سەڵاحەدینى ئەیوبیدا دەسەڵاتێکى بەهێزیان لەناوچەکەدا هەبووە، لەسەردەمی سەلجوقییەکانیشدا  بۆ یەکەمجار ناوى کوردستان هێنراوە کە ئەو کات مەبەست لە ویلایەتەکانی سەنجار و شارەزوور و ناوچەکانى زاگرۆس بووە لەگەل ویلایەتەکانى هەمەدان و دەینەوەر و کرماشان.

لەسەردەمی نوێدا کوردستان لە نیوان دەسەڵاتى سەفەوی و عوسمانیدا و لە دواى جەنگی چاڵدێران دابەشکراوە، کورد هەمیشە لەنێوان هەردوو دەسەڵاتى ناوچەکەدا زیانى گەورەی بەرکەوتووە، باجی ملمانێى ئێرانى و عوسمانییە تورکەکانى داوە و بۆ ماوەى سێ سەدە نەیانهیشتووە ئەو ناوچەیە ئۆقرەیی و ئاسودەیی بەخۆیەوە ببینێت.

دواى جەنگی جیهانى یەکە م و رێککەوتننامەى سیڤەر کەبڕیار بوو دەسەلاتێک بۆ کورد دەستنیشان بکرێت، بەڵام بە هاتنى رێککەوتن نامەى لۆزان ئەو خەونەى کورد لە گۆڕنرا و کورد لەنیوان هەرچواردەوڵەتى ناوچەکەدا دابەشکرا.

کوردەکان لە وڵاتى تورکیا نیوەى خاکی کوردستانیان پێبڕاوە، لەبەر سیاسەتەکانى ئەو وڵاتە ئامارێکى ورد و پشتڕاستکراوە لەئارادا نییە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەنێوان 15% بۆ 20% ـى تورکیا پێکدەهێنن، هەندێک لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیان لە 20 ملیۆن زیاترە. لە تورکیاى نوێدا کورد هەمیشە کێشەى هەبووە و چەوسێنراوەتەوە، لەو بەشەشدا چەندین شۆرش و بەرخۆدانکراوە.

کوردەکانى عێراق کە ژمارەیان لە شەش ملیۆن و 600 هەزار کەس تێپەڕیوە، بەشى زۆرینەیان لە هەرێمى کوردستاندان و لە شارەکانى دیکەدا کە بە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەناوبانگن و لەژیردەسەڵاتى عێراقدایە ژمارەیەکی زۆر کوردى تێدایە، لەساڵی 1991 ەوە تا ئێستا جۆرێک سەربەخۆییان هەیە.

هەرچى کوردەکانى ئێرانیشە 15% ی ژمارەى دانیشتوانی ئێران پێکدهێنن، بەشى زۆرینەیان دەکەونە رۆژئاوار وڵاتەکەوە چەندین پارێزگاى رۆژئاواى ئەو وڵاتە دەکەونە سنوورى کوردستانەوە. لەوێش لە ساڵی 1946 کۆمارێکیان هەبووە بەسەرۆکایەتى قازی محەمەد و بۆ ماوەیەک دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە.

کوردەکانى سوریاش دەکەونە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا ، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیان زیاترە لە سێ ملیۆن کەس هەرچەندە ژمارەیەکیان هەر بەزمانى عەرەبی قسە دەکەن بەڵام نایشارنەوە کە کوردن، ئەم بەشەیان زۆرتر لە ژێر کاریگەریی زمان و کلتوری عەرەبیدان.

بەڵام ئەوەى کە سەیرە ئەوەیە ئەم نەتەوەیە تا ئێستاش خاوەنی حکومەتێکى تایبەتە بەخۆیان نییە و دابەشکارییەکە هێندە کاریگەریی هەبووە کە تا ئێستاش باجەکەى دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP