دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: موچەخۆران ساڵێکی داراییی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد

هەرێم نیوز 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی لە هاووڵاتییانی کوردستان پیرۆز دەکات و رایدەگەیەنێت، موچەخۆران ساڵێکی داراییی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد، دەشڵێت، پێویستە کێشەی موچە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 31-12-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 2025 بڵاو کردەوە و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم  و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشەدروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد."

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردووەتەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە (کێشەی مووچە) لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکرێت."

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە: "ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا،  گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکوومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP