هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێم رایگەیاند، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی ھیندستانیان کرد و، لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی کۆچی دواییی (مانموهان سینگ)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هیندستاندا، بەشدار بوون.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 2024/12/31 لە هەولێر، شاندێکی سەرۆکایەتی کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی هیندستانیان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی بۆ کۆچی دواییی (مانموهان سینگ)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هیندستاندا، بەشدار بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی دیوان، هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ گەل و دەوڵەتی هیندستان، بە مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان و ستافی کونسوڵخانە، ڕاگەیاند.
ئەوەش هاتووە، لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی، سوپاسی بەشداریی شاندەکەی سەرۆکایەتیی لە پرسەکەیاندا کرد و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی، کردەوە.