هەرێم نیوز
وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، دەنگۆی پیدانی تاقیگەکان بە کەرتی تایبەت دوورە لە ڕاستییەوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگۆی پیدانی تاقیگەکان بە کەرتی تایبەت دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو تەنها بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتیانە.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی وەک گرێبەست بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستییەوە، بەڵکو ئەوانە پێداویستی دابینکاری تاقیگەن و لە جیهانیشدا ئەو پێداویستییانە 100٪ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێت ئەوانیش سیمپڵەکانن و ماددە کیمیاییەکانن بۆ شیکاری.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە، ئەم گرێبەستانە داهات بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە و بەشێوەیەکی زانستى و یاسایی کراون، هاوکات باشی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە بێجگە لە گەڕاندنەوەی داهات، وادەکات کارمەندی زیاتر پێویست بن و دەفەتی هەلی کاری زیاتر دەرەخسێنێت.
دووپاتی کردەوە، هیچ برە پارەیەک بۆ پشکنینەکان و بیتاقەکان زیادناکرێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە حکومەت نایەوێت بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستبکات، بەڵکو دەیەوێت نەخۆش ناچار نەبێت بۆ پشكنین بچێت بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان.