هەرێم نیوز
ئەمڕۆ بۆ جاری ١٣ـەمین، دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سكاڵای هاوڵاتییانی كورد و توركمان لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس كۆبووەوە، كە لەسەر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمار كراوە، دادگاكە دانیشتنەكەی بۆ مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو دواخست.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دادگاكە لەبارەی چەند سكاڵایەك كۆبووەوە، دوو لەو سكاڵایانە تایبەت بوو بە جووتیارانی كورد و توركمانی سنووری پارێزگای كەركووك.
بەپێی ئەنجامی كۆبوونەوەی دادگای فیدراڵ، ئەمڕۆ دادگاكە كۆبووەوە بۆ ئەوەی بڕیارەكانی بە ناوی چاكسازیی كشتووكاڵی سەردەمی ڕژێمی بەعس بە ژمارە ٤٩٤ـی ساڵی ١٩٧٧ ، ژمارە ٥٤ـی ساڵی ١٩٧٠، ژمارەی ٥٣ـی ساڵی ١٩٧٦، لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی زەوییە كشتووكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان هەڵوەشێنرێتەوە و مافی خاوەندارێتی بۆ جوتیاران بگەڕێنرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، دادگاكە دانیشتنەكەی بۆ ١٩ـی مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو دواخست.
ئەم دوو سكاڵایە ١٣ـەمین جارە دادگای فیدراڵی لەسەریان كۆدەبێتەوە، بەڵام تەنیا بڕیار لەسەر دواخستنی كۆبوونەوەكە دراوە.
رووبەری ئەو زەوییانە نزیکەی 13 هەزار دۆنمە و سوپای عێراق دەیەوێت بەشێکیان بکات بە سەربازگە و بەشێکیشیان بدات بە هاوڵاتیانی بە نەتەوە عەرەب.