هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، کەشتییەکی وڵاتەکەی لە دەریای ناوەڕاست، لە ئەنجامی تەقینەوەکەیەک لە ژووری ماتۆڕەکانی کەشتییەکە بووە نقووم بووە، دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکانش بەردەوامن.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە پاش نیوەڕۆی 23ی کانوونی یەکەم لە ژووری ماتۆڕەکانی کەشتی ئورسا مەیجەر بووە و بەهۆیەوە کەشتییەکە لە نێوان ئیسپانیا و جەزائیردا نقوومی دەریا بووە.
هەر لەم بارەوە ماڵپەڕی هەواڵی لا ڤێردادی ئیسپانی بڵاویكردەوە، ئەو ناوچەیەی کەشتییە ڕووسییەکەی تێدا شکاوە و نقوومی دەریا بووە، بە ناوچەیەکی ناسەلامەت دەست نیشان کراوە، بەڵام کەشتییەکی سوپای ڕووسیا و بەلەمێکی هێزی پاسەوانی دەریایی ئیسپانیا فریای ڕزگارکردنی تاقمی کەشتییەکە کەوتوون و توانیویانە 14 سەرنشینی کەشتییەکە ڕزگار بکەن، تەنیا دوو لە کەشتیوانەکان چارەنووسیان نادیارە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئینتەرفاکسی ڕووسی، کەشتیی ئورسا مەیجەر لە 11ی ئەم مانگە لە سانت پیتەرسبێرگ بەڕێکەوتووە و بڕیار بوو لە 22ی کانوونی دووەمی 2025 بگاتە ڤلادیڤۆستۆک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا.
بە وتەی خاوەنی کەشتییەکە، باری کەشتییەکەی دوو کرێنی زەبەلاح بوون و بەرەو شاری ڤلادیڤۆستوکی دەگواستەوە، کە کێشی هەر یەکێکیان 380 تۆن بووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی قسەکانی خاوەن کەشتییەکەی نەسەلماندووە.
کەشتیی ئورسا مەیجەر لە ساڵی 2009 دروستکراوە و دوای دەست پێکردنی هێرشی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سزای نێودەوڵەتی بەسەر کەشتییەکەدا سەپێندرا بەهۆی ئەوەی خاوەنەکەی ڕۆڵی هەبووە لە گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای ڕووسیا.