هەرێم نیوز
بەشەر ئەسەد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی نیو ملیۆن هاوڵاتییان سوری ئاوارەکردنی زیاتر لە 10 ملیۆن کەسی دیکەش، لە یەکەم پەیامیدا دوای رووخانی رژێمەکەی رایگەیاند، ويستم بەرگرى لە وڵاتەكەم بكەم و سەرپەرشتى بەرەكانى جەنگم كرد، بەڵام كەس شەڕى نەدەكرد، دەشڵێت، من هەرگیز یەکێک نەبووم لەوانەی کە لە ئاستی کەسیدا بەدوای پۆستدا دەگەڕام بەڵکو خۆمم بە خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەزانی کە پشتیوانییەکەی لە گەلێکەوە وەرگرتووە کە باوەڕیان پێی هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی 12ی 2024، بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا لە وڵاتی روسیاوە، نامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتی دەکاتەوە، پێشتر پلانی بەجێهێشتنی دیمەشقی دانابێت، بەڵکوو وەکوو خۆی باسی کردووە، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، پایەختتی بەجێهێشتووە و چووەتە ڕووسیا. دەشڵێت: تا دوا ساتەکان سەرپەرشتیی بەرەکانی جەنگم کردووە.
دەشڵێت، "تا کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیی یەکشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، لەگەڵ فراوانبوونی هەژموونی تیرۆر لەناو دیمەشقدا مابوومەوە و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێیە ڕووسەکانم چوومە لازقییە بۆ ئەوەی لەوێوە بەدواداچوون بۆ بەرەکانی شەڕ بکەم."
سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەگەڵ گەیشتنمان بۆ بنکەی سەربازیی حومەیمیم لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، بۆمان ئاشکرا بوو، هێزەکانمان لە هەموو بەرەکانی شەڕ تووشی شکست بوون و پاشەکشەیان کردووە. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر بنکە ڕووسییەکە بە درۆن، مۆسکۆ داوای لە سەرکردایەتی بنکەکە کرد، ئێوارەی یەکشەممە، واتە ڕۆژی دوای ڕووخانی دیمەشق، دەستبەجێ بنکەکە چۆڵ بکات و هەمووان بەرەو ڕووسیا بەڕێ بکەون."
باسی لەوەش کردووە، "من هەرگیز یەکێک نەبووم لەوانەی کە لە ئاستی کەسیدا بەدوای پۆستدا دەگەڕام بەڵکو خۆمم بە خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەزانی کە پشتیوانییەکەی لە گەلێکەوە وەرگرتووە کە باوەڕیان پێی هەبووە و دڵنیاییم لە ئیرادەی ئەو گەلە و لە توانای ئەواندا هەڵگرتووە بۆ پاراستنی دەوڵەتی خۆیان و بەرگریکردن لە دامەزراوە و هەڵبژاردنەکانیان تا دوا سات."
سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا پێی وایە "لەگەڵ کەوتنی دەوڵەت بە دەستی تیرۆر و لەدەستدانی توانای دابینکردنی هەر شتێک، ئەو پۆستە بەتاڵ و بێ مانا دەبێت و هیچ مانایەکیش بۆ ئەوەی بەرپرسەکە تێیدا بمێنێتەوە نامێنێت."
بە گوێرەی ڕۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی چەند تۆمارێکی نهێنیی بانکیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریای بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە؛ بهشار ئهسهد 250 ملیۆن دۆلاری له مۆسكۆ ههیه، ئاماژه به سهروهت و سامانی بنهماڵهی رژێمی ئهسهد دهكات و ئاشكرای كردووه، بانکی ناوەندیی سووریا لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە، لە کاتێکدا بەشار ئەسەد ئەوکات بەهۆی پاڵپشتی سەربازییەکەی قهرزاری كریملین بووه، کەسوکارەکەی خەریکی کڕینی سەروەت و سامانی نهێنی بوون لە ڕووسیا.
لێرەدا ئاماژە بە تاوانەکانی بنەماڵەی ئەسەد دەکەین لەماوەی حوکمڕانی هەردوو کوڕ و باوک:
-کۆمەڵکوژی حەمە (1982): بە فەرمانی حافز ئەسەد.
-بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی: لە سەردەمی بەشار ئەسەد.
- ئەشکەنجەدانی سیستماتیک: دەستبەسەرکردنی سوریا و بەتایبەت زیندانی سەیدنایە بوونەتە کوشتارگەی مرۆڤ.
- سەرکوتی سیاسی: لەناوبردنی حزبەکان و زیندانیکردنی نەیاران.
. -کارەساتی مرۆیی شەڕی ناوخۆ: زیاتر لە 500 هەزار کوژراو و ملیۆنان ئاوارە دەرئەنجامی دەسەڵاتی بەشارە.
بنەماڵەی ئەسەد، چ لە سەردەمی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد، تاوانی بەرفراوانیان دژی گەلی کوردی سوریا ئەنجامداوە. ئەم تاوانانە کە بەشێک بوون لە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و هەڵاواردنەکانی ڕژێمی بەعس، نەک هەر مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی کوردیان پشتگوێ دەخست، بەڵکو هەندێک جار کردەوەی توندوتیژییان لەگەڵدا بوو. لەم بەشەی خوارەوەدا ئاماژە بە هەندێک لە تاوانە گرنگەکانیان بەرامبەر نەتەوەی کورد کراوە:
- سیاسەتی جیاکاری و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کورد
- نەهێشتنی ناسنامەی کوردی: ڕژێمی بەعس، لە سەردەمی حافز ئەسەدەوە، ناسنامەی نەتەوەیی کوردی ڕەتدەکردەوە و بە "عەرەبی شاخ" ناساندیان.
- قەدەغەکردنی زمانی کوردی: فێرکردن و بەکارهێنانی زمانی کوردی بەتەواوی قەدەغە کرابوو.
- سەرکوتکردنی کولتووری: چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب و مۆسیقای کوردی نایاسایی بوو و زۆرێک لە هونەرمەندان و نووسەرانی کورد گۆشەگیرییان لەسەر کرا.
پڕۆژەی بەعەرەب کردن (الحزام العربی)
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا حافز ئەسەد پڕۆژەی "حەزام العربی" (پشتێنەی عەرەبی)ی لە ناوچە کوردستانییەکانی سوریا جێبەجێ کرد:
- ئامانجی ئەم پڕۆژەیە گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بوو، بەتایبەتی لە پارێزگای حەسکە.
- هەزاران خێزانی عەرەب گواستراونەتەوە بۆ ئەو ناوچانە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردیان پێدراوە.
- زۆرێک لە کوردەکان لە خاکەکانیان دەرکران و بە کردەوە ئاوارە بوون.
بێبەشکردنی ڕەگەزنامە (١٩٦٢)
- لە سەرژمێری ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسکە زیاتر لە 120 هەزار کورد بە ئەنقەست ڕەگەزنامەی سوریا بێبەش کران.
- ئەم کەسانە و منداڵەکانیان بە "بێگان" ناسراو بوون و لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خاوەندارێتی زەوی و خوێندن و دامەزراندن بێبەش بوون.
سەرکوتکردنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیەکان
ڕاپەڕینی قامیشلۆ (2004): دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی کورد دوای یارییەکی تۆپی پێ، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە توندوتیژییەکی بەرفراوان دەستوەردانیان کرد. دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش برینداربوون و هەزاران کەسیش دەستگیرکران.
- ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١: لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی سووریادا، کوردەکانیش دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕاپەڕینەوە. حکومەت بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ناڕازیانی کورد وەڵامی دایەوە.
بەکارهێنانی کورد وەک ئامرازێکی سیاسی
ڕژێمی ئەسەد بەشێوەیەکی پچڕپچڕ گرووپە کوردییەکانی وەک ئامرازێکی گوشار لە دژی تورکیە و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە لە سووریا بەکار هێناوە. ئەم سیاسەتە دووانەیە زیانی درێژخایەنی بە کورد گەیاندووە:
- پشتیوانی تاکتیکی گروپەکان: هەندێک جار بە مەبەستی لاوازکردنی دوژمنەکانی، ڕژێمی ئەسەد ڕێگەی بە هەندێک گروپی کوردی داوە چالاکی بکەن، بەڵام ئەم پشتیوانییە هەرگیز هەمیشەیی نەبووە و زیاتر بۆ بەرژەوەندی حکومەت بووە.
- خیانەت لە کورد: هەرکات بەرژەوەندیی دەسەڵات داوای دەکرد، پاشەکشەی دەکرد لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ کورد و ڕادەستی دوژمنانی دەکرد.
تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ
لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا:
- ڕژێمی ئەسەد چەندین جار شار و گوندەکانی کوردستانی سوریای بۆردومان کردووە.
- سەدان کورد لەژێر ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی ڕژیمدا گیانیان لەدەستداوە.
- لە تاوانەکانی ئەم قۆناغەدا کیمیابارانی ناوچە کوردنشینەکان بوو کە لەلایەن ڕژێمی ئەسەد یان هاوپەیمانەکانیەوە ئەنجامدرا.